کەرکوک.. بەتۆمەتی ئەندامێتی داعش و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر چوار کەس دەستگیرکران
یەکێک لەو تۆمەتبارانەی کە لەلایەن پۆلیسی کەرکوکەوە دەستگیرکرا
فۆتۆ: فۆتۆ: پۆلیسی کەرکوک
کەرکوک
بەتۆمەتی تیرور و ئەندامێتی داعش و بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر و هەروەها دزیکردن، چوار کەس لە کەرکوک دەستگیرکران.
پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی٨ی٢٠٢٠، تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی ڕوبەڕووبونەوەی تاوانەکانی پارێزگای کەرکوک باندێکیان دەستگیرکردووە کە کاریان هەڵکوتانەسەر ماڵان ودزینی پارە و خشڵ و زێڕ بووە.
قەیس عامر بەڕێوبەری پۆلیسی ڕوبەڕووبونەوەی تاوانی کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، هەر یەکە لە ( ر- ع-ا) و ( م - ع - ق )، کە تۆمەتبارێکی دیکەی هەڵهاتوو بەناوی ( خ – ع – خ ) سەرپەرشتیان دەکات، دەستگیرکراون و دانیانناوە بەوەدا کە لە ماوەی ڕابردوودا، هەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین ماڵ و بڕێکی زۆر پارە و خشڵ و زێڕیان دزیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە، دەستیانگرتووە بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ئەو دوو تۆمەتبارە، بەپێی مادەی (443 ) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایش و کاروباری ناوخۆیی کەرکوک لەڕێی بۆسەیەکەوە، توانیان دوو داواکراوی تۆمەتبار بەتیرۆر دەستگیربکەن.
ئەفسەرێکی هێزەکانی ئاسایش و کاروباری ناوخۆیی کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، پاش بەدواداچوون و زانیاری ورد، دوو تیرۆریست بەناوەکانی، (ع، ع، م) و ( م، ح، ع ) کە وەک شانەی نووستوی داعش لەسنوری قەزای حەویجە کاریانکردووە، لەلایەن تیمێکی تۆکمەوە دەستگیرکران.
ئاشکراشیکرد، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان لەگەڵیاندا، ئەو دوو تیرۆریستە ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون .
|