حکومەتی هەرێم: یەکگرتوو کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستەی حکومەت کردووە
حکومەتی هەرێم رایگەیاند، یەکگرتوو کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستەی حکومەت کردووە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی یەکگرتووی ئیسلامیی دایەوە و رایگەیاند، یەکگرتوو بەشێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەلێک تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستەی حکومەت کردووە.
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بلاویکردەوە، حکومەت خوازیارە بە هاوکاریی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ئەم دۆخە سەختەی تەندروستی و دارایی و لێکەوتە سیاسییەکانی تێپەڕێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەرکێکی نیشتیمانی سەرشانی هەموو لایەکمانە کە دۆخی تەندروستی هاوڵاتیان و بژێوی و ژیانیان، کە دەرەنجامی دۆخێكی نەخوازراون، نەکرێت بە کەرەستەی موزایەداتی سیاسی .
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە کێشە و قەیرانە هەنوکەییەکان، بە شێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەلێک تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بارەی پەتای کۆرۆنا ، حکومەتی هەرێم هەر زوو رێکاری کاریگەری گرتەبەر، بەڵام بەداخەوە هەندێ هێز و لایەن هەوڵیاندا خەڵک لە دژی رێکارەکان هانبدەن و ئێستاش کە پەتاکە تەشەنەی کردووە، هەر ئەو هێز و لایەنانە دەکەونە وێزەی حکومەتی هەرێم .
جوتیار عادل راشیگەیاندووە، لە بارەی ڕەوشی دارایی، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی لەگەڵ بەغدا داوە تاکو بە رێکەوتنێکی شایستە و دەستووری بگەین، بەڵام تاکو ئێستاش بەغدا خۆی لە گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی دەدزێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لە هێزەکانی ناوخۆ بەردەوام، بەغدا هاندەدەن کە لەگەڵ هەرێم بە رێککەوتن نەگەن، تاوەکو دۆخی ناوخۆی هەرێم ئاڵۆزتر ببێت و ئەو هێزانە سوود لەو ئاڵۆزییانە وەرگرن، ئەمەش یاریکردنە بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم .
ئەم راگەیەندراوەی وتەبێژی حکومەتی
هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە، ئهنجومهنی جێبهجێكردنی یهكگرتووی ئیسلامی
كوردستان راگهیهندراوێكی لهبارهی بارودۆخی ئێستای ههرێمی كوردستان بڵاوكردهوه
و رایگهیاند، پشتگوێخستنی چاکسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە
داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەکان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە .
|