قائیمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بە ئاوی لەدەبەنراو هۆشیاری دەدات

12/08/2020
قائیمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بە ئاوی لەدەبەنراو هۆشیاری دەدات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

سەبارەت بە ئاوی لەدەبەنراو، لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشیاری بە کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکاندارەکان دەدات و سەرۆکی لیژنەکانیش دەڵێت، سەرپێچیکاران روبەڕووی رێکاری یاسایی دەکەنەوە .

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەچەند رۆژی رابردوودا لیژنەکانی قائیمقامیەت لەرێی راگەیاندنەکان و سەردانی لیژنەکان بۆ کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکانەکان ئاگاداری هەموو شوێنەکانیان کردووەتەوە، کە ئاوی لەدەبەنراو لەبەر تیشکی خۆر نەگوازنەوە و لە پلەی گەرمی بەرز عەمباری نەکەن .

وتیشی، بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی پێویستە ئاوی لەدەبەنراو دور لە تیشکی خۆر بگوازرێتەوە و لەشوێنی فێنک کە پلەی گەرمییەکەی لە (25) پلەی سەدی تێپەڕنەکات عەمبار کرێت، تا رێگری لە کارلێکی نێوان ماددە پلاستیکەکە و ئاوی ناو دەفرەکە بکرێت کە بەهۆیەوە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت .

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاند،  لەکاتی گواستنەی ئاوی لەدەبەنراو لە بەر تیشکی خۆر و عەمبارکردنی لە پلەی گەرمی بەرزدا، لیژنەکانیان راسپێردراون سەرپێچیکار روبەرووی رێکاری یاسایی بکەنەوە .