فڕۆکەکانی تورکیا سنورەکانی برادۆست بۆردوماندەکەن
بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا ئاگر لە سنوری برادۆست کەوتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنورەکانی برادۆست بۆردوماندەکەن و بەوهۆیەشەوە ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە.
پەیامنێری
تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، لەئێستادا دوو فڕۆکەی جەنگی سوپای تورکیا بەچڕی بۆردومانی
ناوچەکانی گەلی ڕەش، خواکورک، دەراو و بندێوانە لە سنوری برادۆست دەکەن.
ئاماژەی
بەوەشکرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە ئاگرێکی گەورە لە پوش وپاوانی ئەو ناوچەیە
کەوتووەتەوە.
پەیامنێری
تۆڕی هەواڵی ژیان راشیگەیاند، ماوەی ٢٤ کاتژمێرە کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا
بەردەوام بە ئاسمانی سنورەکانی برادۆستدا دەسوڕێنەوە و ترس و دڵەڕواکێیەکی زۆریان
لای دانیشتووانی سنورەکە دروستکردووە.
نزیکەی دوو
مانگە، سوپای تورکیا بەبیانووی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان
(پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشدەکاتە سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و هەر
دوێنێش لە هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، دوو ئەفسەری پلەباڵای هێزی
پاسەوانی سنوریی عێراق بەناوەکانی عهمید زوبێر حالی فهرماندهی فهوجی سێی پاسهوانی
سنور و محەمەد رەشید، فهرماندهی لیوای 2ی پاسەوانی سنور لە دەڤەری سۆران و
پاسەوانێکی ئەو هێزانە شەهید بوون.
|