وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی حکومەتی هەرێمی دایەوە

12/08/2020
فۆتۆ: 
بەغدا

وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی حکومەتی هەرێمی دایەوە و رایگەیاند، سەبارەت بە پاراستنی دەروازە سنورییەکان و چاودێریکردنی داهات و گومرگەکان، حکومەتی هەرێم نەرمی پێویستی نەنواندووە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی فیدراڵی لەچوارچێوەی مافی دەستوری خۆیدا بۆ پاراستنی دەروازە سنورییەکان و چاودێریکردنی داهات و گومرگەکان، بنەمای شەراکەتی پێشنیاز کرد کە لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (١١٤)ی دەستوردا هاتووە بۆ گەرەنتیکردنی چاودێری دەروازە سنورییەکان لە هەرێم، بەڵام لەوبارەیەوە حکومەتی هەرێم نەرمی پێویستی نەنواندووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتای گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باش بووە، بۆیە داوا لە شاندی هەرێم دەکات دەستبکەنەوە بە گفتوگۆکان لەبەر رۆشنایی دەستور و پابەند بن بە بەڵێنەکانیەوە.

ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی عێراق دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەرچی هەموو مەرجەکانی بەغدایان قبوڵکردووە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.