کەرکوک.. لە هێرشێکى داعشدا هاوڵاتیەک کوژرا و یەکێکى دیکەش برینداربوو
بەهۆى هێرشێکى داعشەوە لە گوندێکى سەر بەقەزاى دوبز هاوڵاتیەک کوژرا و هاوڵاتیەکى دیکەش بریندرابوو.
عەقیل کینانی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی لیوای ٦١ بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، هێرشەکەی داعش لەڕێی چەکی بێ دەنگ وماتوڕسکیل و پشتێنەی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە و شەوى ڕابردوو چەکدارانى داعش لە گوندی بڵاوە لە سنوری ناحیەی یایچی سەر بەقەزای دوبز لەباشوری ڕۆژئاوای کەرکوک بە چەکى بێدەنگ تەقەیان لە ژمارەیەک هاوڵاتى ئەو گوندە کردووە، لە ئەنجامدا هاوڵاتیەک کوژراو یەکێکى دیکەش برینداربوو.
وتیشى، بەهاوکاری خەڵکی گوندەکە لێیان هاتوونەتە دەست و توانیان دوو چەکدارى داعش بکوژن و ماتۆڕسکیلێکیش کە بۆمبڕێژیان کردبوو پوچەڵ کرایەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، فەوجی سێی لیواکەیان لەبازگەی ناحیەى تازە لەباشوری کەرکوک کەسێکی داواکراویان بەمادەی چواری تیرۆر دەستگیرکردوە وڕادەستی لایەنی پەیوەندی دار کراوە، لێکۆڵینەوەش لە چۆنیەتى دزە پێکردنى داعش بۆ ناو ئەو گوندە بەردەوامە.
|