ڕێبوار سیوەیلی: لە جیهانی ئێمەدا سیاسەت بە پلەی یەكەم بكوژی شیعر و هزری شاعیرانەیە

13/08/2020
فۆتۆ: 



بەشی یەکەم

سازدانی: شاخەوان سدیق

یەكێك لە دەنگە دیارەکانی ناو كایەی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی ئێمەیە كە ساڵانێكە بەرهەمەكانی لە بوارەجیاوازەكاندا دەخوێنینەوە، ئەویش (ڕێبوار سیوەیلی)یە. ئەو خاوەنی قەسیدەی بەناوبانگ و پڕ چێژی (زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال)ە.

جگە لە چەندین تێکست و کتێبی دیکە، لەم دیدارە تایبەتەی (ژیان)دا دەربارەی چەند پرسێكی ئەدەبی پرسیارمان ئاراستەکرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی داینەوە.

ژیان: كەباس لە شیعر دەكرێت، باس لە دایكی ئەدەب دەكرێت، واتە باس لە دایكێك دەكەین كە هەموو ڕەگەزو نەوەكانی تری ئەدەبی لە باوەش گرتوە، بۆ خۆشی قسەكردن لەسەر شیعر، قسەكردنە لە خودی ژیان خۆی، دەتوانیت بۆمان باس بكەیت ئەم هەموو تایبەتمەندیە لە شیعردا چیە هەیە؟ ئەی بەڕاست گرنگی شیعر بۆ مرۆڤ و ژیان چییە؟

ڕێبوار سیوەیلی: باشترە من لەوێوە دەستپێبكەم كە زمان خۆی ئەو باوەشەیە و شیعریش ڕەسەنترین منداڵی زمانە. ئەمەش بەو مانایەی زمان كۆی ئەو لێهاتوویی و دەرفەتانە بە شیعر دەبەخشێت، كە بتوانێت گوزارش لە جەوهەری خۆی بكات. جەوهەری شیعریش بریتیە لە بوون و بە دەستنیشانكراوی بوونی مرۆڤ وەك تاكەكەس.

بەمجۆرەش، شیعر ئەو بەشەیە لە زمان، كە خود لە ناویدا ئاشكرا دەبێت و خۆی دەنوێنێت. هێزی شیعر لەوەدایە چەندە گوزارش لە خودێتی و دانسقەیی و بێنموونەیی تاكەكەس دەكات. شیعر هەرگیز بابەتیی نییە و هەمیشە خودییە. شیعر ڕەنگدانەوە و پەرچكەرەوەش نییە، (میمیس) و لاساییكردنەوە نییە، (تەخنە) و پیشەش نییە، بەڵكە یەكسەر داهێنان و (پۆئیسیس)ـە. داهێنانە لە گۆڕینی ڕوانگەی ئێمەدا بۆ ژیان و بوون و بوێریی شاعیرانەش هەر لەمەدایە كە بتوانێت ئەو شتانە لەسەر ژیان بڵێت كە بە شێوازی دیكە و لە ژانری دیكەدا ناگوترێن.

لێرەوە گرنگیی شیعر بۆ بوونی ئێمە دەردەكەوێت، چونكە لەو شوێنەی ژیان و بوون دەوەستێت و بە بنبەست دەگات، شیعر وەك ڕزگاركەرێك خۆی دەنوێنێت و ئەو دەریچانەمان بۆ دەكاتەوە، كە واماندەزانی نین و هەرگیز ناكرێنەوە.. كەچی شیعر دێت و وەك فەریادڕەسێك كرانەوەیەك بەرپا دەكات، كە بۆ ئێمە هەمووی داخران بوو. شیعری كلاسیكی كوردیی ئێمە لە هەموو زاراوەكاندا، نموونەیەكی باشی ڕزگاركەرانەی شیعرمان دەخاتە بەردەست..

بابەتاهیری هەمەدانی لەناو بۆمبەستی ڕەهاییگەریی ئایینییەوە، دەریچەی گومان و پرسیارمان بەسەردا دەكاتەوە. جزیری و خانی هەر یەكەیان لە بوارێكدا دەكەونە یاخیبوون لە واقیعی سەپاو. خانای قوبادی ساتەوەختێك بەرجەستە دەكات، كە بەپیرۆزكردنی فارسی و زمانە سەردەستەكانی دی لەو پەڕیدان و زمانی كوردی نەك هەر بچووككراوەتەوە، بەڵكو ئەوپەڕی سووكیش كراوە. كەچی ئەم شاعیرە دێت و ستایشی زمانی كوردی دەكات و باوەڕێك دەگێڕێتەوە بۆ دەوروبەرەكەی، كە ئەم زمانەش هیچی لە زمانانی دی كەمتر نییە: (ڕاسەن مواچان فارسی شەككەرەن، كوردی جە فارسی بەل شیرینتەرەن).

فەقێ قادری هەمەوەندی لە ناو زۆنگاو و لیتەی عوسمانیگەریدا، مەشخەڵی ئومێدێك دا دەگیرسێنێت و لە شیعر مینبەرێكی ڕەخنەیی دروستدەكات، كە نموونەی نییە. ئەم نەرێتە بەردەوام دەبێت تا نالی و شیخ ڕەزا و مەحوی و شاعیرە نەتەوەییەكانی دیكەی ئێمە. لە هەموو ئەم وێستگانەدا شیعر ڕۆڵە بوونخوازانە و ڕزگاركەرانەكەی خۆی دەگێڕێت و دەبێتە بەشێكی گرنگ لە شوناسی ئێمە.

ڕەنگە هەمیشە ناوەڕۆكە ماناییەكەی شیعر ڕازییمان نەكات، بەڵام شیعر هەر تەنیا لە مانادا قەتیس نابێت و شێوە دەرەكییەكەی شیعریش ڕزگاریبەخشانەیە، چونكە هونەرێكی پێكهاتەییە و لە دەنگ، مۆزیك و ڕێتم و ئاواز، پێكدێت و پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیشی لەگەڵ سرووشت و ناخی مرۆڤدا هەیە. هەموو ئەمانە تایبەتمەندییەكی ناوازە بە هونەری شیعر دەبەخشن، كە وا دەكەن لە هیچ كاتێكدا مرۆڤ بیر لە دەستهەڵگرتن لە شیعر نەكاتەوە.

ڕەنگە ساتەوەختی وا هەبن، كە هەست بكەین شیعر لەژێر هەڕەشەدایە، بەڵام ئەوە زیاتر شیعری خراپ دەگرێتەوە. شیعری ڕاستەقینە هیچ دووژمنێكی هەمیشەیی نییە، بۆیە هەڕەشەی بەردەوامیشی لەسەر نییە. بۆی هەیە شیعر بۆماوەیەك هەراسان بكرێت، تەریقبكرێتەوە و بخرێتە پەراوێزەوە، بەڵام ئەو لە ڕیزی مەیل و غەریزە نەمرەكانی ژیانی مرۆییە، كەی مرۆڤ دەستی لە ئەڤین، سێكس، تۆڵەكردنەوە، شەڕ و تووڕەیی و ئەوانە هەڵگرت، ئەوە شیعریش باوی نامێنێت.

ژیان: هەمیشە كە باس لە شیعری نەمر و زیندوو دەكەین، واتە باس لە شیعرێك دەكەین كە خاوەن زمانێكی تایبەت و جیاوازە، زمانێك كە بتوانێت واتا قوڵەكان بە سادەی بگەیەنێتە خوێنەر، بەبڕوای تۆ تاچەند زمان دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە بەزیندووی هێشتنەوەی شیعردا ببینێ‌؟؟

ڕێبوار سیوەیلی: زمان بۆخۆی جەوهەربەخشە. شیعریش جەوهەری خۆی لە زمانەوە وەردەگرێت و دیسانیش زمان وەبار دەهێنێتەوە. پەیوەندیی زمان و شیعر، هەمیشە پەیوەندخوازانەیە نەك پێگە خوازانە.

ئەمیان بەبێ ئەویتریان نابن. مەسەلەكە ئەوە نییە، سەرەتا زمان مۆڵەت بە شیعر بدات و بڵێت: هەبە! ئەوەش نییە تا زمان نەبێت شیعریش نییە، بەڵكە پەیوەندییەكە لە زمان خۆیدایە و شیعر پیشاندەری ئەمەیە. لە زماندا بۆخۆی شیعرییەت هەیە، هیچ زمانێك نییە ئەم تایبەتمەندییەی نەبێت.

شیعرییەتی زمان ئەو بەشەیە لە زمان كە دەروازە بەسەر داهێناندا دەكاتەوە و داهێنان لە شیعردا بەرجەستە دەكات. زمان بۆخۆی ئەوە بە شیعر دەبەخشێت كە شیعر دەكاتە نموونەی داهێنەرانە. بۆیە شیعر خۆی جەوهەری زمانە نەك لە دەرەوەی زمان بێت. زمانی شیعر لە دەرەوەی بوونی ڕۆژانەیی زمانە، كە زمانێكی بەكاربەرانەیە بۆ ڕاییكردنی كەناڵەكانی تێگەیشتن و كەمكردنەوەی بەهەڵەتێگەیشتن لە نێوان مرۆیەكاندا.

زمان لە ژیانی ئاساییدا، ڕاییكەرە و كاركردی پەیوەندییەكان ئەنجام دەدات. لەم ئاستەدا زمان هەمیشە ئامرازە نەك ئامانج. وەلێ زمانی شیعری، پلەیەك لە كاركردگەرایی و كارڕاییكەریی دوور دەكەوێتەوە و داهێنان بەرجەستە دەكات، جیهان لە بیركردنەوە و بەرچاوی ئێمەدا دەگۆڕێت و ماتەوزەی زمان دەكاتە پانتایی مانەوە و بەمەش زمان لە خۆیدا دەبێتە ئامانج.

زمانی نالی لە سادەترین بەرهەمیدا، زمانی خەڵك و ڕۆژانە نییە، هەر لەبەرئەوەش ئامراز نییە، بەڵكو لە دنیای نالییدا، زمان خۆی ئامانجە و لە خولگەدایە، ئەوەی نالیی و هەر شاعیرێكی دیكە كردوویانە، ئەوەیە كە ماتەوزەی زمان بكەنە چالاكەوزە. شیعر بەرهەمی ئەم ڕەوەندەیە، نەك ئیلهامی شاعیرانە.

ئەو شیعرانە زیندوون كە تیایاندا، نەك پەیام و ناوەڕۆك بەتەنیا، بەڵكو زمانیش دەبنە شوێنمەبەست. بگرە دوا ئامانج. ئەو شیعرانە دەمێننەوە و لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا، بەسەر ناچن.

ژیان: كە سەیری ڕابردووی نوسەرانی ئێمە دەكەین، زۆربەیان سەرەتا بە شیعرنووسین دەستیان پێكردووەو دواتر لە شیعرەوە پەڕیونەوەتەوە بۆ ناو ژانرو ڕەگەزەكانی تری ئەدەب و ڕۆشنبیری، بۆ خۆشی ئەگەر سەیربكەین ئەدەبی ئێمە سەرەتاو بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەر بە شیعر دەستی پێكردووە، بەلام دواتر زۆرێك لەوانە لە شیعر نوسین دوور كەوتونەتەوە پێتان وایە هۆكاری ئەمە چییە؟

ڕێبوار سیوەیلی: لە جیهانی ئێمەدا ئەوەی بە پلەی یەكەم بكوژی شیعر و هزری شاعیرانەیە، سیاسەتە لە كۆپییە حزبایەتییەكەیدا، كە ئایدیۆلۆژیایەك باڵ بەسەر ڕۆحی شاعیرانەدا دەكێشێت و لە ناخەوە وشكی دەكاتەوە..

هەموو ئەو شاعیرانەی جیهانی ئێمە كە وەك بەڵگە بۆ ئەم قسەیە دەیانهێنینەوە، سیاسەت شاعیرێتییەكەیانی كوشتووە. نەك هەر كوشتن، بەڵكو خەڵتانی خوێنی كردوون. شاعیرگەلێكی زۆرمان هەن، بە شیعری بەرز دەستیانپێكردووە و پاشان لەناو ئادیۆلۆژیا و حزبایەتی و سیاسەتدا خنكاون.

گۆران یەكێكە لەو نمونانە. پاشان ئیبراهیم ئەحمەد، لە ئێستاشدا عەبدوڵڵا پەشێو، لەنموونەی ئەو شاعیرانەن، كە سیاسەت و حزبایەتی و ئایدیۆلۆژیا ڕاپێچی ژێر چەقۆی خۆی كردوون و ڕۆحە شاعیرانەكەی لێسەندوونەتەوە. لە ئەنجامی ئەمەشەوە شیعرێك هاتۆتە دەرەوە كە پڕە لە پڕۆتێست و جوێن و توانج و ڕق، بەڵام شیعر نییە.