تەندروستی ئەڵمانیا: لە چەند مانگی داهاتوودا پێکوتەی دژە کۆرۆنا ئامادەدەبێت

13/08/2020
وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا پێکوتەی دژە کۆرۆنا ئامادەدەبێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تەندروستی

وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا پێکوتەی دژە کۆرۆنا ئامادەبێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی زی دی ئێف-ی ئەڵمانیا، یەنس سپان وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە رایگەیاند، دڵنیان لەوەی کە تا ساڵی داهاتوو پێکوتەی دژە کۆرۆنا دروستدەکرێت و پێشبینیش دەکرێت زووتر و لە چەند مانگی داهاتوو پێکوتەکە ئامادەی بەکارهێنان بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا نازانرێت، دەبێت پێکوتەکە چەند جار لە مرۆڤێک بدرێت و چ ماوەیەکیش پاش لێدانی پێکوتەکە، ئەو مرۆڤە پارێزراو دەبێت لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا گەشبینی خۆی لە دروستکردنی پێکوتەی دژە کۆرۆنا دەربڕی و رایگەیاند، "دەتوانم بڵێم بەهۆی کاری هەرەوەزی هەموومان، بە گشت لێکۆڵەران و پسپۆڕان و خەڵکیشەوە، خێراتر لە تەواوی کاتەکانی دیکەی مێژۆی مرۆڤایەتی، دەگەین بە ڤاکسینێک کە پێویستمان پێیەتی".

ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژ پێش ئێستا ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ یەکەمجار توانیویەتی پێکوتەی دژە کۆرۆنا دروستبکات و یەکەم کەسیش لەسەر کچەکەی خۆی تاقیکراوەتەوە.

بەپێی دواین ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO )، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمرۆ، ٢٠ ملیۆن ٨٥٣ هەزار و ٩٢٦ کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٧٤٨ هەزار و ٩١ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٣ ملیۆن و ٧٤٦ هەزار و ٦٦٩ کەسیش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.