وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە

13/08/2020
وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ

وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵی نایەوێت كار بەدەستور بكات و بە پێچەوانەی دەستور ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر .

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، كرۆكی كێشەكە پەیوەندی بە بەڕیوەبردنی گومرگەكانەوە نیە هێندەی ئەوەی پەیوەندی هەیە بە تێروانینی ناوەند و هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی دۆخی ئابوری هەرێم و وروژاندنی سۆزی فەرمانبەران بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر هەرێمدا.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەیاننامەکەیدا ئەو لێدوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی بە تۆمەت ناوبردووە، کە ئاماژە دەکات بەوەی گوایە ئەو بڕە پارانەی بۆ هەرێم رەوانەکراوە نەدراوەتە موچەخۆرانی هەرێم، لەو بارەیەوە ووتوویەتی ئەوان ئەو تۆمەتانە بە بەڵگەنامەی فەرمی ڕەتدەکەنەوە و لەگەڵ ئەم بەیاننامەیەدا لیستی ئەو پارانە پەیوەست دەکەن کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە تامانگی نیسانی ٢٠٢٠ لە حکومەتی فیدراڵییەوە رەوانەی هەرێم کراوە.

لە خاڵێکی دیکەی بەیاننامەکەدا وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووەن وەزارەتی دارایی عێراق هۆکارە بۆ ئەوەی نەگەیشتوونە چارەسەر، ئەوە سەرباری ئەو هەوڵ و ماندووبوون و پێشنیازانەی کە لەوبارەیەوە پێشکەش کراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گومرکی هەرێم بە پێچەوانەی مادەی ١١٤ی دەستورەوە کاری نەکردووە و تەواو پابەندی بەندەکانی بووە ، سەبارە بە ئیدارەی هاوبەشی گومرگ، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ڕەتیدەکاتەوە لەوڕوەوە کار بە دەستور بکات.

لە خاڵێکی دیکەی وەڵامەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەکراوە، ئەو بابەتەی کە وەزارەتی دارایی باسی دەکات سەبارەت بەوەی کە گوایە ئیمزایان لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە گواستنەوەی موچەکانیان بۆسەر بەغدا، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە، پێدەچێت وەزارەتی دارایی فیدراڵی بێئاگا بێت لەوەی کە مادەی ١١٧ی دەستور دانی ناوە بە هەرێم و دەسەڵاتەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی و دەسەڵاتی جێبەجێکردنمی داوەتێ بۆ ئەرکەکانی جێبەجێکردنن بۆیە وروژاندنی بابەتی لەوشێوەیە، ئاماژەیە بۆ نییەتیێکی شارەوە بۆ ئیستیغلالکردنی دۆخی ئابوری ئێستا، بەوشێوەیەی کە خزمەت نەکات  بە ئارامی و ئاسایش و بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و دەریدەخات کە ئێستاش کەسانێک هەن دان نانێت بە سیستمی فیدراڵی لە عێراقدا.

سەبارەت بەوەش کە گوایە حکومەتی هەرێم دەسی دەکات و نەرمی ناونێنێت بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووەن لەڕاستیدا بابەتەکە تەواو پێچەوانەیە و هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتی هەرێمەوە سووربووە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا، لەو ڕوەشەوە دەستوری بە زامنی ڕێککەوتن زانیووە لەنێوان هەردوولادا.


ئەو ڕاگەیاندنەی وەزارەتی دارایی هەرێم لەکاتێکدایە، دوێنی وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی حکومەتی هەرێمی دایەوە و رایگەیاند، سەبارەت بە پاراستنی دەروازە سنورییەکان و چاودێریکردنی داهات و گومرگەکان، حکومەتی هەرێم نەرمی پێویستی نەنواندووە.

دوێنی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەرچی هەموو مەرجەکانی بەغدایان قبوڵکردووە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.