ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم: پێویستە پەکەکە لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت

13/08/2020
بابەکر زێباری ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سوپای تورکیا بەبێ پرسی هەرێم هاتووەتەناو خاکی هەرێمەوە و هەڵوێستی عێراقیش زۆر لاوازە لەبەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا، داواش لە پەکەکە دەکات، لەناو خاکی هەرێمدا نەمێنێت.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، "تورکیا بەبێ ھیچ ڕێککەوتن و ھەماھەنگییەک ھاتووەتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت ھەماھەنگیی لەگەڵ بەغداش نەبووە، بەڕاستی تورکیا کێشەیە بۆ ئێمە، ئەوان دەڵێن بە بەھانەی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکە دێینە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و پێویستە پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان نەمێنێت ."

ئاشکراشیکردووە، تورکیا داوایکردووە ھەرێم سنورەکانی بە ڕووی پەکەکە دابخات، بەڵام پرسیاری ئێمەیش ئەوەیە بۆچی تورکیا خۆی سنورەکانی داناخات، ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا دەوڵەتە و لەڕووی سەربازی و ماددی و تەکنیکییەوە وڵاتێکی بەھێزە، خۆی دەتوانێ سنوورەکانی دابخات و خۆی لەو سەرئێشەیە ڕزگار بکات، تورکیا ٩١١ کم سنووری لەگەڵ سوریا ھەیە و ھەمووی کۆنتڕۆڵ کردووە، ئێستا خەریکە سنوری لەگەڵ ئێران دابخات، کەچی ناتوانێ سنوری خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات کە ھەمووی ٣٤٠ کیلۆمەترە ."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە، بۆچی پەکەکە ئامادە نییە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و بەھانە نەداتە دەست تورکیا بۆ بەئامانجگرتنی خەڵک و خاکی ھەرێمی کوردستان، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "ئەم کارەی پەکەکە دروست بۆ ئەوەیە کوردستانی باشور نەمێنێت، ئەمە حەقیقەتە و ئامانجی پەکەکەش ھەر ئەوەیە، کوردستان چوار پارچەیە، خەڵکێک بەبێ خواستی ئێمە، کوردی دابەشی سەر چوار پارچەی کردووە و ئێستاش ئەو خەڵکەی کوردیان پارچە کردووە، ماون و پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت ."

دەربارەی ئەوەی کە دەوترێت، گوایە لە ھەرێمی کوردستانەوە ھاوکاریی تورکیا دەکرێت بۆ لێدانی پەکەکە، بابەکر زێباری دەڵێت، "باشە ئەگەر ھەرێمی کوردستان زانیاریی بە تورکیا داوە بۆ لێدانی پەکەکە، بۆچی فڕۆکەی تورکیا فەرماندەکانی عێراقی کردووەتە ئامانج و چەکدارانی پەکەکەی لەو ناوە بوردوومان نەکردووە، ئەمە جێگەی گومانە، من لە دوای ڕاپەڕینەوە مامەڵەم لەگەڵ پرسی پەکەکە ھەبووە و ئەوەی من زانیومە لە ھەرسێ چەکداری پەکەکە، دوویان سەر بە ھەواڵگری دەوڵەتێکی ئیقلیمی بوونە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە ."

بابەکر زێباری راشیگەیاندووە، عێراق ھەڵوێستێکی لاوازی ھەیە بەرامبەر بە تورکیا لەسەر پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی و تا ئەو کاتەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا دژی تورکیا تومار نەکات، ھەڵوێستی بەلاواز دەبینم.

١١ی ئەم مانگە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان پەکەکە و پاسەوانی سنوریی عێراقیان لە سنوری سیدەکان کردەئامانج و لە ئەنجامی هێرشەکەش، عەگید گارزان یەکێک لە فەرماندەکانی پەکەکە لە هەرێمی خواکوڕک، عه‌مید زوبێر حالی فه‌رمانده‌ی فه‌وجی سێی پاسه‌وانی سنوریی عێراق، محەمەد رەشید، فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنور لە دەڤەری سۆران، و پاسەوانێکی ئەو هێزە شەهیدبوون.