دهۆک.. ئەو چالاکوانانەی ئەمڕۆ دەستگیرکرابوون ئازادکران

13/08/2020
چەند چالاکوانێک لە دهۆک دەستگیرکران و دوای چەند کاتژمێر ئازادکران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

ئەو چالاکوانانەی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکرابوون، ئازادکران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی ئابی ٢٠٢٠ لەکاتێکدا بەشێک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان دەیانویست چوارەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن لەسەر گۆڕەکەی لە گۆڕستانی شاخکێ بە یاوەری کەسوکاری ئەو ڕۆژنامەنووسە بکەنەوە، لەلایەن ئاسایش و پۆلیسەوە رێگرییان لێکرا .

هەر لەو کاتەدا ژمارەیەک لەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە مۆبایلەکانیان لێسەندرا و پێنج کەسیش دەستگیرکران .

دوای نزیکەی پێنج کاتژمێر لە دەستگیرکردنیان، ئازادکران، دەستگیرکراوەکان هەر یەکە لە ئەیهان سەعید و شێروان سەعید و ئۆمێد حاجی بەرۆشکی و دلشاد گوهەرزی و کاروان سادق بوون.

مێهڤان سەعید یەکێک لەو چالاکوانانەی کە لەوێ ئامادەبوون بە تۆڕی هەواڵی ژیان ی ڕاگەیاند، ئەو پێنج چالاکوانە لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجەدرابوون و سووکایەتی زۆریان پێکراوە .

ئەمە لەکاتێکدابوو کە ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن دا تێدەپەڕی کە چوار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن چەند کەسێکەوە ڕفێندرا و دوای نزیکەی دوو کاتژمێر بە کوژراوی فڕێدرایە سەر شەقامێک لە قەزای سێمێڵ، دوای چوار ساڵ لە تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە، وەک کەسوکارەکەی دەڵێن، تا ئێستاش بکوژانی ئاشکرا نەکراون.