باری تەندروستی ٣٥ تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک ناجێگیرە

14/08/2020
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

باری تەندروستی ٣٥ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای دهۆک ناجێگیرە.

حەمزە ڕەزیکی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک لە لێدوانێکدا بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، لە ئیستادا دۆخی تەندروستی ٣٥ تووشبووی کۆرۆنا لە پارێزگاکە ناجێگیرە .

ئاشکراشیکرد، سێ کەس لەو تووشبووانە لەئێستادا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان و ٣٢ تووشبووەکەی تریش ئۆکسجینیان پێوەیە .

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک راشیگەیاند، لەئیستادا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخێرایەکی زۆر لەناو پاریزگاکەدا تەشەنە دەکات و ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بە خێرایی بەرزدەبێتەوە.

داواشی لە هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک کرد، زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ ئەوەی دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ١٩ هەزار و ٣٣٥ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٦٩٩ کەس گیانیان لەدەستداوە کە تەنها ١١ کەسیان لە پارێزگای دهۆک بوون، هەروەک ١٠ هەزار و ٨٢١ کەسیش لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.