دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی تایبەتی بۆ بەشار ئەسەد نارد

14/08/2020
فۆتۆ: 



دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نامەیەکی کەسی و تایبەتی ناردووە بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، سەبارە بە "ئۆستن تایس" ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە ٨ ساڵ لەمەوبەر لە سوریا ڕفێنراوە.

لە بەیاننامەیەکدا مایک پۆمپیۆ وەزاری دەرەوەی ئەمریکا، بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی بێسەروشوێن بوونی ئەو ڕۆژنامەنووسەوە بڵاویکردەوە، تیایدا هاتووە "حکومەتی ئەمریکا بەردەوام لەهەوڵدا بووە لەگەڵ لێپرسراوانی سوریادا، بۆ ئازادکردنی ئۆستن".

پۆمپیۆ نووسیویەتی "دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا پێشنیازی بۆ بەشار ئەسەد کردووە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ".

ئوستن تایس فۆتۆگرافێکی ڕۆژنامەنووسی بووە کاری بۆ ئاژانسی هەواڵی "فڕانس پرێس"  و "ماکلاشی نیوز" و "واشنتۆن پۆست " و "سی بی ئێس" و چەند ناوەندێکی دیکەی هەواڵی کردووە، لەڕۆژی ١٤ی مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٢ وە لە خاڵێکی پشکنینی نزیک دیمەشق بێسەروشوێن بووە.

دوای مانگێک لە دەستبەسەرکردنی تایس، کە تەمەنی ٣١ ساڵ بووە، لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا بەچاوبەستراوی دەرکەوت، کە لەلای گروپێکی چەکداری نەناسراو دەستبەسەر بووە ولەو کاتەشەوە هیچ هەواڵێک دەربارەی نازانرێت، کە ئایا لەژیاندا ماوە یاخود نا.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختیکردەوە کەس گومانی نییە لەوەی کە سەرۆکی وڵاتەکەی زۆر بەتەنگ هەموو هاوڵاتییانی دەستگیرکراو و بێسەروشوێن بووی وڵاتەکەیەوەیە، هیواداریش بوو ساڵێکی دیکە  ئوستن پێویستی بە دەرکردنی بەیاننامەی لەم شێوەیە نەبێت، هەموو هەوڵێکیش دەدەن بۆ گێڕانەوەی ئۆستن بۆ وڵاتەکەی.

ساڵی ڕ ابردوو حکومەتی ئەمریکا لەوبڕوایەدا بوو کە ئۆستن هێشتا لەژیاندایە، بە تایبەت دوای ئەوەی دایکی ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕایگەیاندبوو، زانیاری باوەڕپێکراویانە لەبەردەستدایە، ئاماژە بەوە دەکەن کە کورەکەی هێشتا لەژیاندایە.

لەساڵی ٢٠١٨ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بڕی یەک ملیۆن دۆلاریان وەک پاداشت دیاریکرد بۆ هەرکەسێک، کە زانیاری ڕاست و دروستیان بداتێ و بتوانێن لەڕێگەوە تایس ڕزگار بکەن.