ئەمریکا شکستی هێنا لەدرێژکردنەوەی بڕیاڕی کڕینی چەک لەسەر ئێران

15/08/2020
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
فۆتۆ: 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شکستی هێنا لە تێپەڕاندنی پڕۆژە بڕیارێک لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ درێژکردنەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک لەسەر ئێران، کەبڕیار بووە لە مانگی تشرینی ئەکەمی داهاتوودا کۆتایی بێت، وەک لەمەرجەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا هاتووە.

سەرباری کۆکردنەوەی کۆمەک، کە ماوەیەکە کاری لەسەردەکات، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرکەوتوو نەبوون لە تێپەڕاندنی بڕیارەکە، دوای ئەوەی هەریەکە لە چین و روسیا ڤیتۆی پڕۆژە بڕیارەکەیان کرد.

لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، واشنتۆن نەیتوانی ٩ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بەدەستبهێنێت بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیارەکەی، چونکە پێشتر هەریەکە لەمۆسکۆ و پەکین هەڕەشەی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆیان کردبوو لەدژی پڕۆژە بڕیارەکەی واشنتۆن.

سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی پڕۆژە بڕیارەکە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایش شکستی هێنا لە پرۆسەی لێپرسینەوە لە ئێران و شکستی هێنا بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و ئارامی نێودەوڵەتی.

پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە ڕێگەخۆشکەر دەبێت لەبەردەم ئەو دەوڵەتەی کە پێشەنگی پشتیوانی تیرۆرە لەجیهاندا، کڕین و فڕۆشتن بەچەکی ئاساییەوە بکات، بێ هیچ کۆت وبەندێک.

لەلایەکی ترەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختیکردەوە، بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری دۆستەکانی نابێت لەناوچەکەدا، کەلەوە زیاتریان لە ئەنجومەنی ئاسایش چاوەڕوان دەکرد.

هاوکات کیلی کرافت نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەنەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا واشنتۆن کاردەکات  لەسەر دووبارە کاراکردنەوەی سزا نێودەوڵەتییە سەپێنراوەکان لەسەر ئێران.

هەرلەو چوارچێوەیەدا ڕۆبەرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەنگنەدانی هەریەکە لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیای بە هەڵوێستێکی بێهیواییانە ناوبرد.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئێرانیش لەسەر رەتکردنەوەی پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکا، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری دایە ئەمریکا، ئەگەر بێتوو هەوڵی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی بدات.

نوێنەری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، بژاردەکانی بەدەستی ئێران دیاریکراون، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکراى بکات.

چاودێرانی سیاسی دۆخەکە باس لەوە دەکەن، شکستهێنانی تێپەڕاندنی درێژکردنەوەی فرۆشتنی چەک لەسەر ئێران، دەبێتە مایەی دروستکردنی مەترسی زیاتری تاران لەسەر ئاسایشی و ئارامی ناوچەکە.

بەو شکستهێنانەی پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکاش، لەمەودوا ئێران دەتوانێت چەکی ئاسایی بکڕێت، کە ماوەی ١٣ ساڵە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە.