ژووری ئۆپەراسیۆنی دهۆک چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

15/08/2020
کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دهۆک
فۆتۆ: فۆتۆ: نوسینگەی پارێزگاری دهۆک
دهۆک

بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دهۆک چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دهۆک لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی٨ی٢٠٢٠ دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت دەستپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک کە دەوامی ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی تاوەکو ١ی پاشنیوەڕۆ دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت سەرجەم ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێبکرێن و ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە دەوامدەکەن بەپێی پیویستی ڕاپەراندنی کاری هاوڵاتیان بێت.

هەر بەپێی بڕیارە نوێیەکان، بۆ لەمەودوا هاتووچۆ بۆ پارێزگای دهۆک تەنها بەڕێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دهۆک، پێشنیازی ئەوە کراوە کە لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، داوا بکرێت پێداچوونەوە لە بەیانی ژمارە ٤٦دا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاسانکاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان بکرێت و دۆخی ئابوری هاوڵاتیانیش زیاتر لەبەرچاو بگیرێت.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دهۆک راشیگەیاند، رێنماییەکانی پێشوو پەیڕەو دەکرێن تاوەکو ڕێنمایی نوێ دەردەکرێن.