بەرزترین پلەی گەرما لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا لە دۆڵی مەرگ تۆمارکرا

17/08/2020
دۆڵی مەرگ لە بیابانی کالیفۆڕنیای باشور لە ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
جیهانی

بەرزترین پلەی گەرما لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا، لە دۆڵی مەرگ لە بیابانی کالیفۆڕنیای باشور لە ئەمریکا تۆمارکرا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی کەشناسی نیشتمانی ئەمریکا، پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ١٦ی٨ی٢٠٢٠، پلەی گەرما لە دۆڵی مەرگ لە بیابانی کالیفۆڕنیای باشور لە ئەمریکا، گەیشتووەتە ٥٤.٤ پلەی سیریزی و ئەوەش بەرزترین پلەیە کە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا لەسەر گۆی زەوی تۆمارکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاندووە، بە ئامێرێکی ئۆتۆماتیک ئەو پلەیە تۆمارکراوە و ئەگەر بابەتەکە پشتڕاستبکرێتەوە، ئەوە بەرزترین پلەی گەرمایە کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٣ەوە تاوەکو ئێستا تۆماردەکرێت.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، پێش ئەوەی ئەو ریکۆردە نوێیە پشڕاستبکرێتەوە، دەبێت بە شێوەیەکی فەرمی لیکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، چونکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

وێستگەی ئۆتۆماتیکی ناوەندی کەشناسی نیشتمانی ئەمریکا لە نزیک سنوری نیڤادایە و کاتژمێر 3:41 خولەکی پاشنیوەڕۆی دوێنێ، بەکاتی ئەمریکا ئەو پلەیەی تۆمارکردووە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کەشناسی جیهانی، بەرزترین پلەی گەرما لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٣ لە دۆڵی مەرگ لە بیابانی کالیفۆڕنیای باشور تۆمارکراوە کە ٥٦.٧ پلەی سیریزییە و تاوەکو ئێستاش، بەرزترین پلەیە کە لەسەر گۆی زەوی تۆمارکراوە.