66 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە دهۆک چاکبوونەوە

17/08/2020
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، ٦٦ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە و بەوەش کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگاکە گەیشتە ٨٦١ کەس.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی٨ی٢٠٢٠، ٦٦ تووشبووی کۆرۆنا دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ ئەو ٦٦ تووشبووە کراوە تا ئەو کاتەی کە ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە و دواتر بڕیاردراوە بنێردرێنەوە ماڵەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک راشیگەیاند، بە چاکبوونەوەی ئەو ژمارەیە، کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە ٨٦١ کەس و لە ئێستادا هەزار ٥٧ تووشبوو لە نەخۆشخانە ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٢١ هەزر و ٦٦٠ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٧٧٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢ هەزار و ٥٢٤ تووشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.