بە بۆنەی ڕۆژی جیھانی فۆتۆگرافییەوە

19/08/2020
فۆتۆ: 



کورد لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە ئاشنای ئەم هونەرە بووە

دانا ئەحمەد

بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو، دەگەین بەو راستییەی کە مرۆڤ لە پێناو مانەوەی ھەندێ سات پەنای بردوەتە بەر ڕێگای جۆراوجۆر.ئەگەر سەردەمانێک سەربوردە و حکایەت ئەرکیان ھێشتنەوەی ساتەکان بووبێت بە گەیاندنیان بە نەوەکانی دوای خۆیان، لە سەردەمێکی تردا داتاشینی بەردەکان و ھەلکەندنی وێنە لەسەریان ھۆکاری مانەوە و تەواوکردنی گێرانەوەکان بووە. فۆتۆگرافی و شاشەکانی ئێستایش لوتکەی ئەو رێگایەن کە مرۆڤ تێیدا باشتر کاری لە پێناو مانەوە و گەیاندنی ساتەکان کردوە.


١٩ی ئابی ھەموو ساڵێک، وەک رۆژی جیھانی فۆتۆگرافی دانراوە، رۆژێک جگە لەوەی کە بوونێکی مێژووی ھەیە لە بواری فۆتۆگرافی بەوەی بۆ یەکەمجار حوکمەتی فەرەنسی پەسەندی ئەو داھێنانەی فۆتۆگرافیەی لەم رۆژەدا کرد، کە لە لایەن لویس داگیر لە ٩ ی ئابی ١٨٣٩ خرایە روو.رێگایەکیشە بۆ ھاندان و جۆشدان بەوانەی کە دەیانەوێ لەم ھونەرەدا جێپەنجەی خۆیان نەک تەنیا بە دوگمەی کامێراکەوە بەلکو لە فۆتۆکانیشدا جێبھێلن.لەگەل ئەوشدا نابێ ئەوە لەبیربکەین مێژوونووسانی عەرەب پێیانوایە فۆتۆگرافی بۆ یەکەمجار لەلایەن زانای عەرەبی حەسەنی کوری ھەیسەم لە ساڵی ١٠٣٨ زاینی داھێنراوە.

فۆتۆگرافی زاراوەیەکی یۆنانیە و لە ھەریەکە لە وشەکانی فۆتۆ، کە بە واتای light رووناکی دێت، لەگەل وشەی گرافی کە بەواتای کێشان drawing یاخود نووسین دێت.پێکەوە واتای کێشراوی رووناکی دەدەن.

ھیچ بەڵگەیەک نییە سەلمێنەری ئەوەبێت کە پێش کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە کورد ئاشنایی لەگەل ھونەری فۆتۆگرافیدا ھەبێت، بەو پێیەی ھیچ فۆتۆیەکی کەسایەتی و نووسەرێکی کورد لە سەدەی نۆزدەھەمدا لەبەردەست نیە.ھەموو ئەو وێنانەی کە بۆ ئەو سەردەمە دەگەرێنەوە لە رێگای کامێرای کوردناسەکان لە لەندەن و ژنێف و پاریس ماونەتەوە.لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، بۆ یەکەمجار فۆتۆگرافی وەک پیشە لەلایەن (محمد یوسف غەزنەوی) کە خەلکی ئاکرێ بووە لە کوردستان سەریھەلداوە .لە رۆژنامەگەریشدا بۆیەکمجار ١٩١٣ وەک یەکەم رۆژنامە و گۆڤار ، رۆژنامەی رۆژی کورد کە لە ئەستەمبول دەردەچوو، لە ژمارەی سێی رۆژنامەکەدا بە بلاوکردنەوەی وێنەی (حسن کنعان پاشای بەدرخانیەکان) وێنەی لە رۆژنامەگەری کوردیدا جێکردەوە.نابێ ئەوەشمان لەبیربچێت کە (حسن حوزنی موکریانی) یەکەمین نووسەری کوردە کە وێنەی خۆی لە کتێبێکی  بە ناوی (غنچەی بھارستان) لە سالی ١٩٢٥ لە لاپەرەی یەکەم بلاوکردوەتەوە.دواتر بە تێپەربوونی کات و پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و ئەو گۆرانکارییە فراوانەی بەسەر تێکرای ئامێرەکاندا ھات، کامێرا و ھونەری فۆتۆگرافی بەرچاوتر گەشەی سەند و بە تێکرای کوچەکانی جیھاندا بلاوبوەتەوە بە جۆرێک ھەتا گیرفانی ھەر تاکێک ملی ناوە.

بزاوتی فۆتۆگرافی وەک ھەر بزاوتێکی دیکەی ژیان بەدەر نییە لە ناوی ئەو کەسانەی کە چ لە داھێنانی ئامێرەکانی فۆتۆدا جێ دەستیان دیارە وەک جۆرج ئیستمان کۆداک، دامەزرێنەری کۆمۆانیای کۆداک و چ وەک بەکارھێنەرو فۆتۆگرافەری بەناوبانگی وەک ئەنسل ئادەم، ھێنری کارتەر و دۆرۆزیا لانگ.