شەپۆلی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا نزیکەى 150% زیادی کردووە

19/08/2020
فۆتۆ: 

لە 12 مانگی ڕابردوودا، ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى گەیشتوونەتە کەنارئاوەکانی ئیتاڵیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، هەرچەندە هەڵمەتی ڕزگارکردنی کۆچبەران لە دەریادا کەمبووە، بەڵام چوونی کۆچبەران بە بەلەمی چوپی و بچوکەوە زۆر زیاتر بووە.

بەپێی ئامارێک کە لۆسیانا لامۆرگیس، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، لە 1ی ئابی 2019ەوە تاوەکو 31ی تەموزی 2020، 21 هەزار و 618 کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا، ئەوە لەکاتێکدا ژمارەکە لە 1ی ئابی 2018 تاوەکو 31ی تەموزی 2019، تەنها هەشت هەزار و 691 کۆچبەر بووە، واتە ئەمساڵ بەڕێژەى 148.7% زیادی کردووە.

لەو ژمارەیە، دوو هەزار و 886 کۆچبەریان لەخوار تەمەنی 18 ساڵەوەن و هیچ کەسێکیان لەگەڵ نییە، هەروەها 16 هەزار و 347 کۆچبەریان بە هەوڵی خۆیان گەیشتوونەتە کەناردەریاکان، واتە هیچ وڵات و ڕێکخراوێکی هاریکاری کۆچبەران لە دەریادا هاوکاریان نەبوون.

زۆربەى کۆچبەران خەڵکی تونس  و لیبیان بە جۆرێک تونس (هەشت هەزار و 984) و لیبیا (هەشت هەزای و 746).

هەر لە ناوەڕاستی 2019 بۆ ناوەڕاستی 2020، 622 پەناخواز لە ئیتاڵیاوە گوازراونەتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ژمارەکە بەراورد بە ساڵی پێشوو، 167% زیادی کردووە.