ڕێکخراوی تەندروستی لەعێراق زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا

19/08/2020
تووشبوون بەکۆرۆنا لە عێراق بەردەوام لەهەڵکشاندایە
فۆتۆ: 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لەبەرپابوونی قەیرانێکی تەندورستی مەترسیدار، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا لەعێراق، بەشێوەیەک ژمارەکان زۆر جێگەی دوودڵییە.

لە بەیاننامەیەکدا ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند "تەشەنەکردنی ئێستای پەتای کۆرۆنا لەعێراقدا، بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێگرییە نوێیەکان لەسەر سیستمی تەندروستی، کەخۆی لەبنەرەتەوە لاواز و خراپە، بەڵام وەڵامدانەوەی دەسەڵاتدارانی تەندروستی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی لەمانگەکانی یەکەمدا زۆر جێگەی دەستخۆشی بوو"

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچەند مانگی ڕابردوودا دۆخەکە بە تەواوی هەرەسی هێنا، لەگرنگترین هۆکارەکانی سوککردنی کۆتوبەندەکان کە دەسەڵاتداران سەپاندنیان و پابەندنەبوون بە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لەلایەن هاوڵاتیانەوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای لە هاوڵاتیانی عێراق کرد، دوورکەونەوە لە گردبوونەوە بەکۆمەڵەکان و ستایشی رێنماییەکانی پیاوانی ئایینی کرد، کە داوایانکردووە ڕێگیری بکرێت لە هەموو کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لەڕۆژانی داهاتوودا.

ئەو هۆشدارییەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەکاتێکدایە، عێراقییەکان لەخۆئامادەکردندان بۆ یادە ئایینەکانی مانگی موحەڕەم، کە ماوەی ٤٠ ڕۆژ بە ملیۆنان هاوڵاتی سەردانی شوێن پیرۆزەکان دەکەن، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا و سامەڕا و کازمیەی بەغدا، کە چاوەڕواندەکرێت نزیکەی ٥ ملیۆن کەس بەشداریان تێدا بکەن.

سەرباری ئەوەی ئەو پارێزگایانەی کە شوێنە پیرۆزەکانیان لێیە ڕایانگەیاندووە، ناتوانن پێشوازی لەمیوانی دەرەوەی پارێزگاکە بکەن، بەڵام بەهۆی بوونی ڕێگای لاوەکییەوە، چاوەڕواندەکرێت بە سەدان هەزار کەس خۆیان بگەیەننە شوێنە پیرۆزەکان و ئەوەش مەترسی ئەوەی لێدەکرێت تووشبوون بەڤایرۆسەکە تەشەنەی زیاتر بکرێت.

تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە٩٨%ی حاڵە تۆمارکراوەکانی عێراق، لەم سێ مانگەی دوایدا تۆمارکراون، ئەوەش بەو مانایایە پەتاکە بەخێراییەکی زۆر لەعێراقدا تەشەنە دەکات.

بەگوێرەی داتاکانی زانکۆی جۆنز هۆوبکنزی ئەمریکا، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی عێراق دووەم وڵاتە لەدوای سعویە، کە ٣٠١ هەزار تووشبووی تیێدا تۆمار کراوە، لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی ٢١ دایە، لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی تووشبوونی تێدا تۆمار دەکرێت.

دوێنێ دەسەڵاتدارانی تەندروستی عێراق بڵاویانکردەوە (٤٥٧٦) کەس دیکە تووشی کۆرۆنا بوون، دوو لەسەر سێی تووشبوان لە بەغدا تۆمار کراوە، بەوەش ژمارەی تووشبوان لەعێراق بەرزبۆوە بۆ ١٨٤ هەزار حاڵەت و تائێستاش بەهۆی پەتاکەوە (٦٠٣٦) کەس گیانیان لەدەستداوە.