دهۆک.. زیاتر لە ٧٠٠ تووشبووی کۆرۆنا لەماڵەوە چارەسەردەکرێن

19/08/2020
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک بەرزدەبێتەوە، بەشێوەیەک کە تائیستا لە سنووری پارێزگاکە کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە، گەیشتووەتە دوو هەزار و ٢٢٥ کەس، ئەوەش وایکردووە نەخۆشخانەکان پڕبن لە تووشبووان و توانای وەرگرتنی تووشبووی زیاتریان نەمێنێت.

لەوبارەیەوە حەمزە ڕەزیکی وتەبێژی تەندروستی دهۆک بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی راگەیاند، لەئێستادا زیاتر لە ٧٠٠ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەماڵەکانی خۆیاندا چارەسەر وەردەگرن، ئەوەش بەهۆی نەمانی شوێنی وەرگرتن و چارەسەرکردنی تووشبووان لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تووشبووانە ئەوانەن کە باری تەندروستیان جێگیرە و مەترسیان لەسەر نییە.

وتیشی، تادێت ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک بەخێراییەکی زۆر لەبەرزبوونەوەدایە و تاوەکو ئێستاش ١٨ کەس بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە لەسنووری پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستداوە .

لەلایەکی دیکەوە. د.موئەیەد ئەغاڵی سەرپەرشتیاری چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک لە بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی راگەیاند، لەکۆی ئەو تووشبووانەی کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەر وەردەگرن، ٣٦یان باری تەندروستییان ناجێگیرە و لەو ژمارەیەش ١٤ کەسیان لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر خەڵک زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن و بەشێوەیەکی باش خۆیان نەپارێزن، پێشبینی دەکەن لە داهاتوودا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی بەرزببێتەوە.