دوو چاوی...

19/08/2020
فۆتۆ: 



جەلالی میرزا کەریم

ڕۆژی تازە
لە خاک ھەڵھات..
لە کوختەی پیاوی چەوساوە
لە تاریکی زیندانی ڕەش،
لەو دایکە ڕۆڵە کوژراوە
بەیانی نوێ
خۆری ھەڵھات
کام گوڵ دوێنێ کە ژاکاو بوو
گەشایەوە
وەک خۆری دەم ئاسۆ سوور بوو
تێکەڵ بە ڕەنگی خوێناو بوو..
بەیانی، گەل
دەنگی ئەھات
قەڵای سەختی زۆردار ڕوخا
ھێزی سەرکەوت
گەلی عێراق
دوژمن تەفروتونا کرا
بەیانی سوور
پڕ لە ئاوات
ئاواتی گەل و نیشتیمان
کورد و عەرەب
ڕزگاریان بوو
لەژێر دەستی داگیرکەران
بەیانی، گوڵ
بزەی ئەھات
لەگەڵ خۆری تازەی خەبات
پیرۆزبایی
ئا ئەم گوڵەش
ماچ بوو بەخوڕ دای بە خەڵات
ڕۆژی تازەش
لە من ھەڵھات
دوو چاوم تیایا بەدی کرد
نیگا مەست بوو
دوو گۆمی مەنگ
ھەزار یادم تیا بەدی کرد
یادی جوانێک
پڕ کارەسات
خەباتی کرد، ئازاری چەشت
لەڕێی زۆری، وەکو منا
بۆ نیشتیمان فرمێسکی ڕشت
دوو چاوم دی
جوان و شەرمن
جا نازانم، شەرمن لە من؟
یا ھەر کفتن
کە تا دوێنێ
کراوە بوون ڕووە و دوژمن؟
دوو چاوم دی
نازانم چۆن
ھێز بەمە خۆم بیان دوێنم
چونکە ھێزێک
ئەجوڵێنم
کە ڕاستییە و یادە و خەبات
***
ئەی تازە گوڵ
ڕەنگت جوانە
سەد کارەسات نات ژاکێنێ
تۆ گوڵێک نیت
ھەڵوەریو بی
گێژەڵوکە بتفڕێنێ
گوڵی سوورم!
گوێم لێ گرە
زۆرجار ھاتم بۆنت بکەم
بەڵام ئاخۆ
ئەزانی کە
کۆسپێک ھەیە لەسەر ڕێگام؟
ئەویش دڵە
دڵێ تۆیە..
نازانم دووتوێی چی تیایە
ئاخۆ منی
لا مەبەستە
گوێ ئەداتە ئەم ھەڵبەستە
تا بۆی سازکەم
ئاھەنگی نوێ
پڕ بێ لە گۆرانی و بەستە
گۆرانی یاد
بەستەی خەبات
بەستەی ھەمیشە کۆڵنەدان
ھی ئەو چاوە
گەش و کاڵە
کە ئیلھامە بۆ شیعری جوان


*لەم سەرچاوەیە گواستراوەتەوە:
گۆڤاری شەفەق، ژمارە ١١ و ١٢ کانوونی یەکەمی ١٩٥٨، کەرکووک ل: ٢٠ تا ٢١.