زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا سنوری خۆیان لەگەڵ وڵاتی مالی داخست

19/08/2020
وڵاتی مالی لەدۆخێکی ناجێگیردایە و کودەتای سەربازی تیا کراوە
فۆتۆ: 

گروپی ئابوری وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریقا ناسراو بە (ئیکواس) سنوری وشکانی و ئاسمانی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی مالی داخست و هەموو پەیوەندییەکی بازرگانیان لەگەڵدا هەڵپەسارد، دوای ئەوەی یاخیبووەکانی ئەو وڵاتە (ئیبراهیم بوبەرکر کیتا) یان لە پۆستەکەی دوورخستەوە و دەستگیریان کرد.

لە بەیاننامەیەکەدا گروپەکە، سەرجەم ئاڵۆگۆڕەکانی دراو و داراییان لەگەڵ دەوڵەتی مالی ڕاگرت و بەشداریکردنیشیان لە دەزگاکانی سەرکردایەتی ڕێکخراوەکەش هەڵپەسارد.

هاوکات ئەو گروپە ئابورییە داوای سەپاندنی گەمارۆی کرد بەسەر کودەتاچییەکان و هاوبەشەکانیان.

گروپی ئیکواس پێکهاتووە لە ١٥ دەوڵەت لەخۆرئاوای ئەفریقا و مالیش یەکێکە لەئەندامەکانی.

ئیکواس لە بەیاننامەکەدا پاراستنی گیانی سەرۆکی مالی و لێپرسراوانی تری خستووەتە ئەستۆی سوپای ئەو وڵاتە و کودەتاکەشی بە هەموو شێوەیەک رەتکردەوە و داوایکرد، دەستبەجێ سیستمی دەستوری بۆ ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە.

دوێنی سێشەممە گروپێکی سەربازی ناو سوپای مالی یاخیبوونی خۆیان ڕاگەیاند و هەریەکە لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و گەورە لێپرسراوەکانی ئەو وڵاتەیان دەستگیرکرد، ئێستاش ئەو وڵاتە بە دۆخێکی ئەمنی نالەباردا تێپەڕ دەبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە تەلەفزیۆنی مالی ، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی بوبەکر کیتای سەرۆکی وڵاتی ڕاگەیاند و لەوتەیەکی کورتدا سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، دەستی لەکار کێشاوەتەوە و پەرلەمانیشی هەڵوەشاوەتەوە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، نایەوێت بەهۆی مانەوەی لەدەسەڵاتدا خوێن بڕژێت.

وڵاتی مالی دەکەوێتە خۆرئاوای کیشوەری ئەفریقاوە و لە باکورەوە جەزائیر و لە خۆرهەڵاتەوە نەیجەر و لە باشورەوە بۆرکینا فاسۆ و کۆتیڤوار و لە خۆرئاوا و باشورەوە گینیا و لەلە خۆرئاواشەوە سەنیگال و مۆریتانیا هاوسێیەتی.

ژمارەی دانیشتوانی زیاترلە لە ١٨ ملیۆن کەسە.