ڕێبوار سیوەیلی بۆ ژیان: مەی خواردنەوە و نێرگەلەكێشان شاعیر دروستناكەن

20/08/2020
فۆتۆ: 

بەشی سێیەم و كۆتایی سازدانی: شاخەوان سدیق



ژیان: لە وتارێكدا دەربارەی شیعر (بەختیار عەلی) دەڵێت" مرۆڤ بۆ ئەوەی شیعرێكی جوان بنوسێت، پێویستە ڕۆحی پیرببێت"، ئەڵبەتە ئەم پیربوونە زۆر واتاو مەبەست دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر سەرنج لە شیعری ئێستای كوردی بدەین زۆروبۆرییەكی بێبنەمای فرەی پێوە دیارە، بەبڕوای تۆ ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ پێتانوایە شیعرنوسەكانی ئێمە هێشتا ڕۆحیان لە (مەعریفەو جوانی و خەیاڵی فراوان و زمانی جیاواز)دا پیرنەبوەو زۆر لە خۆیان دەكەن بۆ نوسین؟ یان تۆ سەرنجێكی جیاوازترت هەیە؟ 

ڕێبوار سیوەیلی: ئەو ڕستەیەی كاك بەختیار سەبارەت بە شیعرنووسین لە سیاقی وتارێكەوە دەرهێنراوە كە نازانم پاشتر چۆن مەبەستەكەی شییدەكاتەوە. بەڵام ئەم ڕستەیەش بۆخۆی ڕەنگدانەوە چوارچێوەیەكی باوی ڕۆشنبیرییە لەسەر شیعر! ئاخر مانای چییە بۆ ئەوەی شیعری جوان بنووسرێت پێویستە ڕۆحت پیر بێت؟ ڕێك پێچەوانەكەی ڕاستە: ئەوە ڕۆحی گەنجانەیە كە شیعری جوان دەنووسێت و ئەوەش سرووشتی ئومێدبەخشانەی شیعرە كە لە ڕۆحێكی گەنجانەوە سەرهەڵدەدات. كێشەی شیعری كوردی ئەوەیە كە ڕوانگەی شاعیرەكانی لە ڕۆشنبیرییەكی ئامادە و ڕواڵەتییەوە سەرهەڵدەدەت و پیریی دەكەنە پێوەری جوانی و نەمری. ئەو ڕوانگەیە بۆ شیعر و شاعیری ئێمەی لە شیعری جوان دوورخستۆتەوە و شیعری لە پێناو ڕیزكردنی وشەدا، كردۆتە قوربانی. پەلەكردن و هەڵپەی ناوبانگ و ئیگۆییزم و خۆپەرستی و تێكەڵكردنی ڕووخساری خۆت بە ڕیش و ناسكیی و گیتارەوە، بەوەی تۆ شاعیریت، شتێكە دەبێت خۆمانی لێدەرباز بكەین.. بەوەی جوانیت، قۆزیت، جلی تایبەت لەبەر دەكەیت، ڕیشت جوانە، زۆر ڕۆمانسیت و دەچینە قاوەخانە و جگەرە دەكێشیت، نابیتە شاعیر.. هەزار ڤیستیڤاڵ بانگت بكەن و شیعر بخوێنیتەوە، ناتكاتە شاعیر.. مەی خواردنەوە و نێرگەلەكێشان شاعیر دروستناكەن.. جوانترین كچی شاربیت  لەسەر دوو كۆپلەی ڕیزتكردووە بە هەزاران لاییك و كۆمێنتت بۆ بێت، ناتكەنە شاعیر.. بەبار و بە تاینچە مەعریفەت پێبێت و لە نیتشە نیتشەتر بیت نابیتە شاعیر، لە كەئابە و خەمدا خۆت بتوێنیتەوە، شاعیرت لێدەرناچێت.. ئەم تێگەیشتن و لە خۆڕوانینە شیعری ئێمەی كوشتووە و دەبێت خۆمانیان لێدەرباز بكەین بۆ ئەوەی پانتایی نواندن جێبهێڵین و ببینەوە بە خۆمان. شیعر لە خودێكی ڕاستگۆوە سەرچاوە دەگرێت نەك لەو ئاماژە و نومایشە ڕواڵەتیانەی دەمانبەنەوە سەر خود خۆی. دەبێت هەموو دەمامك و ڕووپۆشەكان تووڕدەین و ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆمان ئاشكرا بكەین. خود پێویستە ڕووت بێت نەك داپۆشراو و دەمامكدار و دوو ڕوو.. شیعر ئەم ڕووتبوونەوەیەی خودە كە تیایدا جەوهەری زمان خۆی دەنوێنێت. زمانی شیعری ئێمە ئەوەندە نزم و بێ حیكمەتە خەریكە لەسەر دەستی بەناوبانگترین شاعیرەكانمان دەبێتە زمانی جوێندان.. جوێندان و پرۆتێست و تووڕەبوون و ئۆپۆزیسیۆنگەرایی هیچیان شیعر نین.. 

ژیان: زۆر جار باس لە خیانەتی وەرگێڕان بەتایبەت وەرگێڕانی شیعر كراوەو هەندێك پێیان وایە شیعر وەرناگێردرێت، بڕوای تۆ لەم بارەیەوە چییە؟ بەتایبەت لە ئێستادا كە قەسیدەی (زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال) كەت بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە. 

ڕێبوار سیوەیلی: پێشئەوەی قەسیدەی (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال) لەلایەن قوتابی دكتۆرا سالار تاوەگۆزییەوە بۆ عەرەبی وەربگێڕدرێت، مامۆستا جەمال نەقشبەندی كردبووی بە فارسی. لە ڕاستییدا وەرگێڕان، ئەگەر ئەم وشەیە گونجاو بێت بۆ ئەو كارەی لەگەڵ شیعر دەكرێت، هونەر و زانست و تەكنیكە. وەرگێڕێك پێكەوە شارەزایی ئەم سێ ڕەهەندەی وەرگێڕان بێت، هەمیشە دەتوانێت دەقێك لە زمانی دووەمدا بەرهەمبهێنێتەوە و دووبارە بینووسێتەوە. وەرگێڕان ئەوەندەی زانینی هەردوو زمانەیەكەیە، ئەوەندەش زانینی زمانی ئەو ژانرەیە كە كاری تێدا دەكەین. زمانی نەوعی ئەدەبی فەلسەفە لە زمانی شیعر جیاوازە، هەروەكچۆن زمانی گێڕانەوەی چیرۆك و داستانیش لە زمانی ئەفسانە و ڕۆمان جیاوازن. شارەزایی وەرگێڕ هەر بەتەنیا لە زمانی دایكەوە بۆ زمانی مەبەست بەس نییە، بەڵكو پێویستیشە لە زمانی ژانرەكە شارەزا بێت و ئەمەش خوێندنەوەی دەوێت. ئەو دوو وەرگێڕە بەڕێزە هەردووكیان پسپۆڕی ئەدەبیات و شیعرن. منیش هەرچیم لەدەستهاتبێت هاوكاریان بووم و ڕوونكردنەوەم پێداون. كارەكانیان زۆر بەرز و شایانن و من بە هەردووكیانم گوتووە، ئەوە كاری خۆتانە نەك هیی من و بگرە لە زۆر شوێنیش ئەوەی ئەوان جوانترە لە دەقە ئەسڵییەكە. ئێوە دەقەكەتان لە زمانی دووەمدا بەپێی ئیمكانییەتەكانی ئەو زمانە داڕشتۆتەوە و ئەمەش كارێكی زۆر باشە. وەرگێڕ لە سەرچاوەیەكی زمانییەوە وەرگێڕان بۆ زمانێكی دیكە دەكات و لەمەدا هیچ ناكات جگە لە جێهێشتنی فۆرم و دەستوورێكی زمان بەرەو فۆرم و دەستوورێكی دیكە و ئەمەش ناچاری دەكات پتر لەوەی زمانی یەكەم بخاتە چوارچێوەی زمانی دووەمەوە، دێت زمانی یەكەم لە دووەمدا ڕاڤە دەكاتەوە و جێیدەكاتەوە. وەرگێڕان لەم ڕاڤەكردنەوەیە زیاتر نییە و ئەمەش لە وشەی خیانەت دوورماندەخاتەوە.. 

ژیان: تۆ یەكێكیت لەو نووسەرانەی كە هەمیشە چالاك و پڕ وزەیت و بەردەوام كتێب و بڵاوكراوەو نووسینت هەیە، لە ئێستادا سێ كتێبت بۆ زمانەكانی (عەرەبی و فارسی) وەرگێڕاون، چۆن لەم پڕۆژەیە دەڕوانیت، بەتایبەت وەرگێڕان هەمیشە لای ئێمە لە زمانەكانی ترەوە بۆ كوردی بوەو بەرهەمی نوسەرانی خۆمان كەم وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی تری دنیا، پێتان وایە كاتی ئەوەیە بەرهەمی خۆمان بە دونیا بەتایبەت دراوسێكانمان بناسێنین، تۆ تا چەند لە وەرگێڕانی كتێبەكانی خۆت ڕازیت؟

ڕێبوار سیوەیلی: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە من لە بنەماوە ئاگاداری ئەو وەرگێڕانانە نەبووم و پاشتر زانیومە و زۆریشم پێخۆش بووە. بە تایبەتی كە ئەو سێ وەرگێڕەی بە كارەكانی منەوە ماندوو بوون خۆیان لە بواری ئەدەبیاتدا كاریان كردووە. جگە لە (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال) كە دكتۆر سالار و مامۆستا نەقشبەندی ئەنجامیانداوە، هەردوو كتێبی (پێكەنین و فەلسەفە) و (فەنتازیای خواردن) لەلایەن كاكە سامان سلێمانییەوە كرانە فارسی و بڵاوكرانەوە. ئێستەش كار لەسەر (لە پەیوەندییەوە بۆ خۆشەویستی دەكات). 

بێگومان ئەمە كارێكی زۆر باشە ڕەوەندی وەرگێڕان پێچەوانە بكەینەوە. ئەمەش دەسەڵاتی وەرگێڕ دەردەخات لە جێی ئەوەی هەر وەرگرێت، پێویستە بشبەخشێت. وەرگێڕان لە زمانی ئێمەوە بۆ زمانانی دیكە جۆرێكە لە بەخشین و خۆخستنەڕوو. لێرەشەوە كۆدەكانی زمانی ئێمە لەناو زمانێكی دیكەدا دەكرێنەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی یەكترناسینی زیاتر و دروستكردنی پردی پەیوەندیی كە ئەركێكی گرنگی ئەدەبیاتە بە گشتی. ئەوەش بزانین، كە هەر یەك لە ئێمە لەگەڵ زمانی خۆماندا كەوتوینەتە جۆرێك لە پەیوەندیی خووپێوەگرتووەوە. ئێمە ئەوەندە بە زمانی خۆمان ئاشناین كە زۆر جوانیی و نهێنی و توانایی ئەم زمانەیە نایبنین. بە دەردی شاعیر دەڵێت: وەك گوڵی سەر قاڵی ئەوەندە بەسەریدا ڕۆیشتووین بۆمان ئاسایی بۆتەوە.. كاتێك بەرهەمە كوردییەكان دەكرێنە زمانێكی دیكە، لەوێدا هەندێ شتی دیكەی دەق دەردەكەون پێشتر بۆ ئێمە سەرنجڕاكێش نەبوون.. وەرگێڕان بۆ زمانانی دیكە ئەم خووپێوەگرتنەمان دەسڕێتەوە و دەبینین چۆن دەقێك، یان تواناییە زمانییەكانی ئێمە لە دووبارەبەرهەمهاتنەوەیاندا لە زمانێكی دیكەدا، بەدیار دەكەون. وێڕای ئەوانەش، هونەری وەرگێڕانە، كە هەستی لەخۆڕازیبوونی نەتەوەیی و شوناسی لۆكاڵیمان زیاد دەكات و لە جێبوونەوەماندا لەناو پانتاییە كولتوورییەكانی دنیادا گرنگیی هەیە. كوردێك لە هەر كوێیەكی جیهان بێت، كاتێ مەم و زین بۆ ئەو زمانە وەرگێڕدرابێت، لە ڕووی دەروونیی و كولتوورییەوە ئاسوودەتر دەتوانێت باس لە كولتووری خۆی بكات. ئەمە بۆ وڵاتانی دراوسێش ڕاستە و زەمینەیەكی باشی لێكتر تێگەیشتن لەگەڵ خوێنەری ئەو وڵاتانەدا دەڕەخسێنێت. 

بیریشمان نەچێت زمانی ئێمە لە ڕووی مێژووییەوە هەمیشە وەك زمانێكی ژێر دەستە ماوەتەوە و بۆتە زمانی كەمینە و باڵادەستیی زمانانی سەردەستەی  بەسەردا سەپاوە. هەرچەندە ئەحمەدی خانی و فەقێ قادری هەمەوەند و حاجی قادری كۆێی و پاشان نالی لە ڕۆژگارێكی زۆر زووتردا لە دژی ئەمە وەستاونەتەوە، بەڵام زمانانی سەردەستەی وەك فارسی و عەرەبی و توركی بە پشتبەستن بە ئایدیۆلۆژیای بەپیرۆزكردنی خۆیان، بواریان نەداوە كە زمانی ئێمەش ببێتە زمانی فەرمی و لە چوارچێوەی زمانی پەراوێزییدا جێیان بۆ كردۆتەوە.. ئێستە دەرفەرتی ئەوەڕەخساوە كە ئەم زمانە بە كەمینەییكراوە لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە پێش بە زمانانی سەردەستە بگرێت و لە ناو ئەو زمانانەوە قسەی خۆی بكات. وەك ژیل دۆلۆز فێریكردووین، زمانی كەمینە و پەراوێزی دەتوانێت لە ناو زمانی سەردەستەوە بێتەگۆ و ئەو زمانە بە ناوەڕۆك و ویست و شوناسی خۆی بارگاوی بكات. بەمجۆرەش زمانی ئێمە دەتوانێت لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە دزە بكاتە زمانانی دیكەوە و بایی ئەوەندەی لە باریایەتی بیانكوردێنێ، یان كوردبوونی خۆی لە ڕێگەیانەوە دەرببڕێت.. تۆ كە بەمەرجەكانی زمانی ئەویترەوە چوویتە ناو هەمان زمانەوە، دەبێتە بەشێكی ئۆرگانیك لێی و هیچ هێزێك ناتوانێت بتهاوێتە دەرەوە.. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، كە وەرگێڕان وێڕای ئەوەی زانست و هونەر و تەكنیكیشە، دەتوانێت ڕاڤەكردن و ڕێگایەكی ڕزگاریبەخشیش بێت. بەتایبەتی بۆ ئێمەی كورد، بتوانین بەو جۆرە كار لەسەر وەرگێڕانی دەقە كوردییەكان بۆ زمانانی سەردەستەی ناوچەكە بكەین، وەكئەوەی بمانەوێت دزە بكەینە ئەو زمانانەوە و شوناسی خۆمانیان بهاوێینە ناویانەوە. ببینە میوانێكی درەنگوەخت، كە بانگەشەی خاوەنماڵی بكات.