لە کەناراوەکانی لیبیا ٤٥ کۆچبەری دیکە خنکان

20/08/2020
لەکەناراوەکانی لیبیا ٤٥ کۆچبەری دیکە خنکان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
لیبیا

لە سنورە ئاوییەکانی لیبیا، ٤٥ کۆچبەر پاش تێکشکانی بەلەمەکەیان، گیانیان لەدەستدا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لەمساڵدا ئەمە بەرزترین ڕێژەی مردن بووە کە لە یەک ڕووداودا ڕوویدابێت.

بەوتەی ئاری جەلال سەرپەرشتیاری دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، رۆژی دووشەممە ١٧ی٨ی٢٠٢٠، لە کەناراوەکانی شاری زوارای لیبیا، بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەرانی نایاسایی بەهۆی تەقینەوەی بزوێنەری بەلەمەکە، تێکشکاوە و بەوهۆیەشەوە لانیکەم ٤٥ کۆچبەر خنکاون کە پێنجیان منداڵ بوون.

لەوبارەیەشەوە، کۆمسیاری باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاندووە، ٣٧ کۆچبەر لەلایەن ماسیگرەکانی ئەو ناوچەیەوە، ڕزگارکراون و زۆربەی سەرنشینانی بەلەمەکەش، خەڵکی وڵاتانی سەنگال و مالی و چاد و غانا بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕزگاربووەکان پاش ئەوەی لە لیبیا دابەزیون، ڕاستەوخۆ دەستبەسەرکراون .

کۆمسیاری باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران داوایشی لە وڵاتان کرد بچن بە دەم ئەم کارەساتەوە کە کۆچبەران "لیبیای وێران" بەجێدەهێڵن و لە ڕێی ئەوروپادا دەخنکێن .

ئاری جەلال سەرپەرشتیاری دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران راشیگەیاند، پاش کارەساتەکە کۆی ژمارەی قوربانیانی ئەم ڕێگایە لەمساڵدا بۆ ٣٠٢ کەس بەرزبووەتەوە.