بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک: لەلایەن دەستی دەرەکییەوە تەقە لە خۆپیشاندەرانی زاخۆ کراوە
   
                            
                             
                            
                                
                                     لیوا تاریق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دهۆک
                                 
                                
                                     فۆتۆ: ئەرشیڤ 
                                
                             
                            
                            
                            دهۆک
                            
                            
                             
                                بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، دەستی دەرەکی لەپشت خۆپێشاندانەکانی زاخۆوە بووە و لەلایەن ئەو دەستە دەرەکییەوە تەقە لە خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیش کراوە .
                                
  
                               
                                 لیوا تاریق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دهۆک لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، لە خۆپێشاندانەکەی دوێنێی قەزای زاخۆدا ٦١ پۆلیس و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە بریندارکراون. 
 
 
وتیشی، پێش ئەوەی خۆپێشاندانەکە فراوان ببێت، تەنها چەند شوفێرێکی بارهەڵگر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدابوو و هێزەکانی پۆلیسیش چوونەتەلایان و لەو کاتەی کە قسەیان دەکرد، لەلایەن هەندێک کەسەوە تەقە بەسەریاندا کرا.  
 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە خۆپێشاندانەکەدا ٢٦ ئۆتۆمبێلی هێزەکانی پۆلیسی زاخۆ و دهۆک و ١٠ ئۆتۆمبێلی پاسەوانی سنوریش بە دار و بەرد و گوڵە تێکشکێندراون، بەئۆتۆمبێلەکەی خۆیشییەوە. 
 
 
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دهۆک راشیگەیاند، ١٨ کەس لە خۆپێشاندەران لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون کە تەنها ٤ کەسیان شوفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بوون و لەنێویاندا چەند کەسێک هەبووە کە بە چەکەوە هاتبوونە ناو خۆپێشاندانەکە  . 
 
  
دووپاتیشیکردەوە، خۆپێشاندانەکە دەستی دەرەکی لەپشتەوە بووە و بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئەو کەسانە کێبوون تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و کێ ئەوانی هانداوە بۆ قۆستنەوەی گردبوونەوەی شوفێرانی بارهەڵگر و نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بە گشتی، لێکۆلینەوە لەو رووداوە بەردەوامە بەتایبەتی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون و بە چەکەوە هاتوونەتە ناو خۆپێشاندانەکە. 
 
 
شەوی رابردوو، بەشێک لە هاوڵاتیانی زاخۆ و ژمارەیەک لە شۆفێرانی بارهەڵگر، دژی هاتنەناوەوەی شۆفێرانی تورکیا بۆناو هەرێمی کوردستان، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گردبوونەوە، دواتر هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقەیان کرد و بەوهۆیەشەوە نزیکەی ٢٠٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.  
 
                            
                             
 |