تەندروستی عێراق: پێکوتەی کۆرۆنامان بۆ لە٢٠%ی دانیشتوان دابینکردووە

22/08/2020
فۆتۆ: 

حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بەڕێژەی لە٢٠%ی کۆی دانیشتوانی عێراق پێکوتەی کۆرۆنای دابینکردووە.

تەمیمی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی پابەندە بەبەکارهێنانی چارەسەرە ناوخۆییەکان بۆ تووشبوانی کۆرۆنا و عێراق بەڕێژەی لە٢٠ی کۆی دانیشتوانەکەی پێکوتەی کۆرۆنای دابینکردووە.

وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد، وەزارەتی تەندروستی بەشی پێویستی هاوڵاتیانی لەو دەرمانە دابینکردووە، کە بۆ چارەسەری تووشبوانی کۆرۆنا بەکاردێت، جگە لەوەش تاقیگەکانیان توانای ئەوەیان هەیە دوای شەش کاتژمێر پشکنینی ئەو کەسانە ڕادەست بکەنەوە، کە دەیانەوێت گەشی دەرەوە بکەن.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەکەی سەرکەوتوو بووە لە ئیمزاکردنی گرێبەستی پێویست، بۆ دابینکردنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بۆ هەموو لایەک، بەم نزیکانەش تاقیگە لە قەزا و ناحییە دورە دەستەکان دەکاتەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری تەندروستی ئیدانەی ئەو دەستدرێژی و سوکایەتیانەی کرد، کە بەرامبەر بە کارمەندانی تەندروستی ئەنجام دەدرێت و کەلوپەلی پزیشکی ناوەندە تەندروستییەکان دەشکێنرێت، کە لەبەرژەوەندی کەسدا نییە.

ئەو وتانەی وەزیری تەندروستی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەعێراق ٢٠٠ هەزاری تێپەڕاند.