کۆمێنتێک دەربارەی لێکچوونی ناوی کتێبەکان و دزی ئەدەبی

22/08/2020
فۆتۆ: 



شاخەوان سدیق

چەندجارێک لە ناو میدیای ئێمە، بەتایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیەکاندا بەر ئەوە دەکەوین کە ناونیشانی کتێبێک، بەتایبەت ڕۆمانێک لە سوچێکی دونیاوە دێنن بەراوردی دەکەن بە ناونیشانی ڕۆمانی نووسەرێکی کورد و بێ ھیچ شارەزاییەک لە دەق ئاوێزان یان ئەدەبی بەراوردکاری یان ھەر پێوەرێکیدیکە، نووسەرە کوردەکەی پێتاوانبار دەکەن و بە دزی ئەدەب ناوی دەبەن، ئەمە دیاردەیەش تەنھا جارێک نییەو چەندینجار دووبارە و چەندبارە دەبێتەوە، لەکاتێکدا بە دەیان ڕۆمان و کتێبی دنیا ھەیە کە نەک ھەر ناونیشانەکانیان، بەڵکو ناوەرۆک و چیرۆکەکانیشیان لە یەکەوە نزیکە، بەڵام ھەر نووسەرەو بە شێواز و ستایلی خۆی چیرۆک و ناوەرۆکی بابەتەکەی دادەڕێژێت، بۆ ئەمەش ھیچ نووسەر و ڕەخنەگرێک نەی کردوە بە ھەراو کەسیان پێتاوانبار نەکردووە، چونکە "جولیا کریستیڤا" واتەنی "ھەموو تێکستێکی ئەدەبی ڕیشەی لەناو تێکستێکی پێش خۆیایەتی" بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئاگادارنەبوونمان لە ئەدەبیاتی دونیا و بەکەم سەیرکردنی بەرھەمی نووسەرانی خۆماڵی سەرپێیانە و بێڕەحمانە ئەم دیاردەیە لای بەناو خوێندەوارەکانی خۆمان دەبینین، من بۆ نمونەی قسەکانم ئەم دوو ڕۆمانەتان پیشاندەدەم.

ڕۆمانی (لێزانەکەی ئەستەنبۆڵ)ی نووسەری ڕۆمانی " مایکڵ دیڤید لوکاس" کە وەرگێڕی بەتوانا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل لە عەرەبیەوە کردوویە بە کوردی.

وە ڕۆمانی (زۆڵەکەی ئیستانبووڵ)ی نووسەری تورک "ئەلیف شەفەق" کە وەرگێڕی بەتوانا سەڵاح حەسەن پاڵەوان بۆ کوردی وەریگێڕاوە.

ئەگەر سەیر بکەین ئەم دوو ڕۆمانە ناونیشانەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکەو (ئەلیف شەفەق) پاش چەندینساڵ لە (لوکاس) ڕۆمانەکەی خۆی نووسیوەو ھیچ کەسیش بەدز تاوانباری نەکردوە. بۆیە پێویستە ئەم دیاردە بێڕەحمانە لای ئێمەش وازی لێبھێنرێت و ئەگەر ھێندە لە خۆمان ڕادەبینین و پێمان وایە دوو بەرھەم ھێندە نزیکە تا ئاستی دزی با بەنووسین و لێکۆڵینەوە بیسەلمێنین نەک قسەی سەپێی و نووسینی فەیسبووکیانە. چونکە ئەو جۆرە بۆ چوونانە جگە لە ووشە بە فیڕۆدان ھیچ سودێک بە خزمەتی بەرەو پێشبردنی بواری ئەدەبی ناگەیەنێت.