ترەمپ لەئامادەباشیدایە بۆ راگەیاندنی چارەسەرێکی گەورە بۆ کۆرۆنا

23/08/2020
فۆتۆ: 

لە کاتێکدا کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ لەئامادەباشیدا بۆ ڕاگەیاندنی "بەرەپێشچوونێکی گەورە" بۆ چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەندین دەوڵەتی دیکە لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە، بەتایبەت لەکاتێکدا ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدا لەجیهاندا لەبەرزبوونەوەدایە.

کایلی ماکینانی سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، ئەم ئێوارەیە بە کاتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز دەکات سەبارەت بە بەرەوپێشچوونێکی گەورە لە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ماکینانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ترەمپ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ساز دەکات سەبارەت  بەو بەرەوپێشچوونە گەورەیە لەچارەسەرکردنی ڤایرۆسە چینییەکە، وەک ئاماژەیەک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەگوێرەی سەرژمێرییەکان تائێستا بەهۆی کۆرۆناوە ٨٠٠ هەزار کەس لەسەرانسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکش لە وڵاتان سەرلەنوێ ژمارەی تووشبوون بە پەتاکەیان تیا بەرزبووەتەوە، بەشێکی زۆری وڵاتانیش لەهەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان، لە کاتێکدا هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ترۆپکی سەرەوەی جیهاندا بۆ تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هیوای بەوەیە لەماوەی دوو ساڵدا بتوانرێت بەتەواوی دۆسیەی کۆرۆنا داخرێت و کۆنترۆڵ بکرێت.

لەوبارەیەوە  تیدروس ئادهانۆم گیبریسون بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ژنێڤ بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "هیوادارین لە ماوەی دوو ساڵ کەمتردا پەتاکە کۆتایی بێت".

ڕێکخراوەکە داوایکرد، منداڵان لەتەمەنی ١٢ ساڵییەوە وەک کەسانی گەورە دەمامگ بپۆش.

لەئێستادا دەوڵەتانی ئەمریکای لاتین زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی کۆرۆناوە و ژمارەی ئەو کەسانەی بە پەتاکە لەو ناوچەیە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتەوە ٢٥٤ هەزار و ٨٩٧ کەس، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەکە گەیشتووەتە ١٧٥ هەزار و ٤١٦ کەس، لە بەرازیل ١١٣ هەزار و ٣٥٨ کەس، لە مەکسیک ٥٩ هەزار و ٦١٠ کەس و لە هیندستانیش ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٥٥ هەزار و٧٩٤ کەس.

بۆ بەرگرتن بە شەپۆلی دووەمی پەتاکە، کۆریای باشور ڕێوشوێنی توندی گرتووەتە بەر و کەنارە ئاوییەکان و چێشتخانەکانی داخستووە.

ئیتالیا  ڕایگەیاندووە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٠٧١ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون، کەلە دوای مانگی ئایاری ڕابردوەوە زۆرترین ژمارەی تووشبوونە کە لەو وڵاتە تۆمار کرابێت.

لە ئەڵمانیاش لەیەک ڕۆژدا ٧٨٢ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون، وەک پەیومانگای ڕۆبەرت کوخ ڕایگەیاندووە، چەند ڕۆژێکە ژمارەی تووشبوون بەکۆرۆنا لەبەرزبوونەوەدایە.

فەڕەنساش ڕایگەیاندووە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٦٠٢ حاڵەتی نوێ تۆمار کراوە، ئەو بەرزبوونەوەیەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن، بۆیە حکومەت کردوویەتی بە مەرج دەبێت هەر منداڵێک تەمەنی ١١ ساڵان بەرەو سەرەوەیە دەبێت دەمامک بپۆشێت.

لە ئیسپانیاش پۆشینی دەمامک کراوە بە زۆر، لەکاتێکدا لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٨ هەزار حاڵەتی نوێ بە کۆرۆنا تۆمارکراوە.