پارێزگاری سلێمانی: پڕۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی تانجەرۆ بەمزوانە دەكەوێتەكار

24/08/2020
فۆتۆ: 

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەمزوانە پڕۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك لە تانجەرۆ دەكەوێتە كار لە كاتێكدا لە دووم انگی رابردوو بەشێوەیە ئەزمونی دەستی بە كارەكانی كردووە.

ئەمڕۆ، هەڤاڵ ئەبوبەكر، لەگەڵ نوێنەر و بەڕێوەبەری گروپی كۆمپانیاكانی فاروق و پڕۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی تانجەرۆ كۆبوویەوە و  گفتوگۆیان لەسەر دواقۆناغەكانی ڕێكارو پابەندییە دەوڵەتیەكانی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی كرد. 

پارێزگاری سلێمانی لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووك راشیگەیاند: بۆ دەستكردن بە كاری بەردەوام بە توانستی تەكنیكی دیاریكراوی پڕۆژەكە. لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا پڕۆژەكە بەشێوەی ئەزموونی دەستی بە كارەكانی كردووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا بەتەواوی دەخرێتەگەڕ.

ئەوەشی راگەیاندووە، پڕۆژەكە یەكێكە لە پڕۆژە نیشتمانییە ژینگەییە ستراتیژییەكان كە 85٪ی خۆڵ و خاشاكی شاری سلێمانی بەشێوەیەكی زانستیی نوێ چارەسەر دەكات. 


ئاشكراشیكردووە پڕۆژەكە دەرفەتی كاركردن بۆ سەدان كەس دەڕەخسێنێت و بەرهەمەكەی دەبێتە وزەی پاك بۆ كارپێكردنی كارگە پیشەسازییە گەورەكان و ڕووبەری سەوزایی لە شاری سلێمانیدا زیاد دەكات.

ئەوەش هاوكاتی ئەوە هات كە ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر رایگەیاند بڕی 48 ملیۆن دیناریان دابینكردووە بۆ لێدانی چەند بیرێك لە ناوچەی كانی قرژاڵەی شارەكە بۆ ئەوەی گازی خۆڵی شارەكە مەترسی دروست نەكات لەسەر ناوچەكە. 

بەپێی دیزاینی پرۆژەکە  دەتوانێت ڕۆژانە 1300 تۆن لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاک وەربگرێت و چارەسەرییان بۆ بکات و بیانکات بە وزەی ڕەق و، دواتر لە کارگەکاندا بۆ وزە سوودی لێ وەربگیرێت، کە وزەیەکی دۆستی ژینگەیە. دوای کشاندنەوەی کۆمپانیای لاڤارجی فەرەنسی، لە ساڵی 2015وە وەستا؛ بەڵام لە دوای سێ ساڵ و لە تەموزی 2018 دا فاروق هۆڵدینگ سەرجەم پشکەکانی پرۆژەکەی کڕییەوە و دەستیکردەوە بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

ئەم پرۆژەیە ساڵانە توانای چارەسەرکردنی 480 هەزار تۆن لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاکی هەیە، کە 85% دەگۆڕێت بۆ وزەی ڕەق و لە کارگەکان سوودی لێ وەردەگیرێت وەک وزە، 20%کەشی کە دەمێنێتەوە لەڕووی زانستییەوە چارەسەری بۆ کراوە و هیچ کاریگەرییەکی خراپی نابێت کاتێک دەخرێتە ژێر خۆڵەوە.