مایک پۆمپیۆ یەکەم گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و سودانی ئەنجامدا
کۆبوونەوەی مایک پۆمپیۆ و عەبدوڵا حەمدوک
فۆتۆ:
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ لە گەشتێکی ڕاستەوخۆدا لە ئیسرائیلەوە گەیشتە خەرتومی پایتەخی سودان، وەک یەکەم گەشتی فەرمی لە نێوان تەلئەبیب و خەرتومدا.
لەتویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پۆمپیۆ وتوویەتی "خۆشحاڵم کە لەیەکەم گەشتی فەرمیم بێ وەستان لە ئیسرائیلەوە بۆ سودان".
پۆمپیۆ لەگەڵ هەریەکە لە عەبدوڵا حەمدوک سەرۆک وەزیرانی سودان و عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ڕاگوزەر کۆبۆوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ، ئامانجی سەردانەکەی پۆمپیۆ بۆ خەرتوم، بۆ جەختکردنەوەیە لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سودان و ئیسرائیل.
عەبدوڵا حەمدۆک سەرۆک وەزیرانی سودان دەربارەی دیدارەکەی لەگەڵ پۆمپیۆ ڕایگەیاند، داوایان کردووە ناوی سودان لە لیستی ئەو وڵاتانەدا دەربهێنرێت کە چاودێری و کۆمەکی تیرۆر دەکەن لەجیهاندا.
هەروەها داوایکردووە واشنتۆن هاوکاری حکومەتی مەدەنی سودان بکات.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و دوای خەرتوم، بڕیارە سەردانی هەریەکە لە ئیمارات و بەحرەینش بکات.
پێشتر لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە ئۆگەندا، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ڕاگوزەر چاویان بەیەکتر کەوت و رێککەوتن لەسەر کارکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سودان لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا یەکەم سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی ئەمریکایە بۆ سودان.
|