لیۆنێل مێسی داواکاری ڕۆیشتنی پێشکەش بە بەرشەلۆنە کرد

25/08/2020
لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی
فۆتۆ: ئەرشیڤ

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی، داواکاری رۆیشتنی لە بەرشەلۆنە، پێشکەش بە ئیدارەی یانەکە کرد.

ماڵپەڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردەوە، لیۆنێل مێسی ئەستێری دیاری یاری تۆپی پێ، دوای نزیکەی دوو دەیە یاریکردن بۆ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا، بە فەرمی بە ئیداری یانەکەی وتووە کە دەیەوێت لە بەرشەلۆنە بڕوات.

هاوکات یانەی بەرشەلۆنە هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتدپرێس پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، مێسی خوازیارە یانە کەتەلۆنییەکە جێبهێڵێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر ماڵپەڕی "کواترۆ- Couatro "ی ئیسپانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لیۆنێل میسی و ڕۆناڵد کۆمان را‌هێنەرە نوێیەکەی یانەی بەرشەلۆنە لە ماڵی مێسی کۆبوونەتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا نەبووە، بەڵکو ئاڵۆز بووە، بەشێوەیەک ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە چاوەڕوانی ئەوەینەکردووە، بەڵکو پێشبینی شێوازێکی تری کردووە لە کۆبوونەوەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکردبوو کە کۆمان سووربووە لەسەر گواستنەوەی وێنەیەکی توندی ڕاهێنەرەکە بۆ میسی و جەختیکردووەتەوە لەوەی، سەردەمی دەستکەوتەکان کە بۆ هەندێک لە یاریزانەکان فەراهەمکرابوو، بەسەرچووە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، را‌‌هێنەرە نوێیەکەی بەرشەلۆنە جەختی لەوەکردبووەوە کە، دوای ئەوە ڕازیبووە ببێتە ڕاهێنەری بەرشەلۆنە، کە دەستەی کارگێری یانەکە بەمەرجە تایبەتەکانی ڕازیبون و سوربووە لەسەر ئەوەی گرنگی لە پێشینە بۆ گروپ و یانەکەیە نەک تاکە یاریزان.