نووسین و سەبەتەی خۆڵ

26/08/2020
فۆتۆ: 



حسەین لەتیف
نووسین بۆ پڕ کردنەوەی بۆ شایی نییە،هێندەی بۆ خولقاندنی بۆشاییە.ئەگەر بۆ پڕکردنەوەی بۆ،شایی بێت ئەوا نووسەر هەموو ئەوەی دەیکات تۆخ کردنەوەی ئەدگاری ئەوانی ترە، درێژە دانە بەدونیای  ئەوانی تر.لە نێوان هەر دوو دەقنووسی مەزن و داهێنەردا  بۆشاییەک  هەیە ،ئێمە پێی دەڵێین جیاوازی.جیاوازیی هێشتنەوە لەنێوان خۆت و ئەوی تر، پرۆسەیەکە گرێدراوە بەهۆشیاریی دەقنووسەوە. دەقنووسی هۆشیار و دەقنووسی  سادە،هاوشێوەی گۆرانی بێژ و کۆرسن. دەقنووسی هۆشیار گۆرانی بێژەکەیە،ئەمانە لەناو هەموو ڕووبەرێکی ڕۆشنبیرییەکدا  دەگمەنن،دەقنووسی سادەش هەزارانن.

دەقنووسی سادە،کەسێک نییە زۆر بنووسێت،وەکچۆن دەقنووسی هۆشیاریش کەسێک نییە کەم بنووسێت.زۆر نووسین و کەم نووسین نە شووناسی داهێنەر بوون دەبەخشێت و نە  زۆر نووسین دەتوانێت داهێنەر لە داهێنان بخات. بەڵکو ئەوە  دروستکردنی بۆشاییە کە ڤیزای داهێنان بە دەقنووسێک دەبەخشێت و بە دەقنووسێکی تری نابەخشێت.

لە ناو ئەدەبی  کوردی دا،حسەین عارف  و ئیبراهیم ئەحمەد و بەختیار عەلی، لەبەر ئەوە مەزن نین  زۆر  یان کەمیان نووسیووە،بەڵکو لەبەر خولقاندنی ئەو بۆشاییەی  نێوانیانە،کە خۆیان بۆ خۆیان خولقاندوویانە.

مجەمەد عومەر عوسمان و ئازاد سوبحی و سەباح ڕەنجدەر لەبەر ئەوەی  بەهۆشیارییەوە نووسیوویانە شاعیرن،شاعیر بوون جیاوازییە،جیاوازی خولقاندنی بۆشایی و فراوانکردنی مەودای نێوان دەقنووسەکانە.

نووسین پرۆژەیە،پرۆژەی گەیاندنی نیگەرانی یان جیهان بینییە،دەقنووسە مەزنەکانی دونیا،یان نیگەرانی قووڵ یان جیهان بینی قووڵ لە دقەکانیاندا هەست پێدەکەین.

ئەوە جیهانبینیە کافکا  دەکات بەو نووسەرەی هەم نازیەکان و هەم وڵاتانی شیوعی کتێبەکانی یاساغ بکەن.هەر  ئەو کاتانەی نازیەکان کتێبەکانی کافکا و کۆمەڵێ لە نووسەرانی تردەسووتێنن،لە وڵاتانی ئیشتراکی دا دیسان ڕێگا بە وەرگێڕانی دەقەکانی کافکا نادرێت لەیەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەو سەربازگە ئیشتراکییە،ئەو ترسە لە جیهانبینی کافکا لەساڵانی سیەکانی سەدەی بیستەمەوە تا ساڵی 1962/1963ی خایاند.ترس لەجیهانبینی وایکردیەکێتی سۆڤیەت هەرگیز ڕێگا نەدات دەقەکانی بۆریس باسترناک لە یەکێتی سۆڤیەتدا چاپ بکرێن،هەر بۆیە ڕۆمانی دکتۆر جیڤاجو بۆ یەکەم جار لە ئیتالیا چاپ کرا.یەکێتی سۆڤیەت ڕێگایان بەباسترناک دابوو تەنها کاری وەرگێڕان بکات.هەریەک لەکافکا و،باسترناک جیهانبینییەکیان پێ بوو بۆیە دەیاننووسی.

ئیمیل سیوران،نووسەرێکی نیگەران بوو،بەردەوام بێتاقەت بوو،بێتاقەتی لەژیان ئەوی بەرەو نووسین ئاڕاستە کرد.حەوت ساڵ تووشی خەوزڕان هات،بەردەوام قەلەقی خۆکوشتنی هەبوو،لە تەمەنی بیست ساڵییەوە هەتا تەمەنی هەشتا ساڵی بیری لەخۆکووشتن کردەوە.ئەو لەچاوپێکەوتنێکدا، سەبارەت بەڕەشبینی و ئایدیای خۆکووشتن دەڵێت(لەتەمەنی بیست و دوو ساڵیمەوە سکرتێری  بەردەستی هەستەکانی خۆم بووم،هەرچی دەنووسم درێژکراوەی کتێبی لوتکەی نائومێدییە).سیۆران چەندین کتێبی نووسی  لەبارەی ڕەش بینییەوە،بەدرێژایی ئەو هەمووساڵە نیگەرانێکەی کۆتایی نەهات.ئەولەبەر ژمارەی کتێبەکانی نەبوو بەسیوران بەڵکو لەبەرجیهانبینی و نیگەرانێکەی کە بردنییە ناو زمانەوە بوو؟بە سیۆران.

دەقنووسی مەزن بە ستراتیژ کاردەکات.دەزانێت چی دەڵێت؟چۆن دەیڵێت؟هەموو تێمایەک دەشێت ببێت بە تێمایەکی ئەدەبی وهونەریی ،بەڵام ئەوەی کە گرنگە تاچەند تایبەتمەندی وکۆمێنتی دەقنووسەکان لەیەک جیادەکرێنەوە.بۆ من گرنگی شەکسپیر لەوەدانییە دەقی تراجیدی  بەرهەم هێناوە،بەڵکو گرنگیەکەی لەوەدایە بۆشاییەکی زۆرلە نێوان دەقە تراجیدیەکانی شەکسپیر و گریکیەکاندا هەیە،تارمایی لە دەقە تراجیدیەکانی شەکسپیردا یەکێکە لە نیشانەکانی بۆشایی ، بەپێچەوانەی زۆرینەی دەقە تراجیدییەکانی تراجیدنووسەکانی  گریکەوە. 

2
زۆر نووسین یان کەم نووسین ئافاتی جیهانی نووسین نین.ئافاتی جیهانی نووسین نەخوێندنەوەیە.دەقنووسە مەزنەکان، بە سروشتی خۆیان خوێنەری مەزنن،ئەگینا هەرگیز نەخشی خۆیان جێناهێڵن.لە خوێندنەوەی دوو دەقی دوو دەقنووسی جیاواز دا، تێدەگەین کامیان خوێندەوارترە،چونکە دەق بەرهەمهێنانەوەیە.لەناو دەقی دەقنووسی خوێندەواردا،ئێمە بەر زایەڵەی دەقی دەقنووسانی تر دەکەوین، تازیاتر گوێمان لەزایەڵی جیاواز و زۆرتربێت زیاتر هەست بەداهێنان دەکەین.

3
ئەگەر هەموو ماڵێک پێویستی بە یەک سەبەتەی خۆڵ بێت،ئەوا ماڵی نووسەر،پێویستی بە دوو سەبەتەی خۆڵە،دووهەمیان دەبێت لە ژووری خوێندنەوە ونووسین دا بێت.مەرج نییە ئەوەی دەینووسین هەمووی بنێرین بۆچاپخانە،بەڵکو دەبێت ئەوەی دەینووسینبەشێکی زۆری بخەینە ئەو سەبەتەی خۆڵەوە کەلەژووری خوێندنەوە و نووسینماندا هەیە.

ئۆرهان پامۆک پاش ئەوەی خەڵاتی نەوبڵی وەرگرت،لە موحازەرەیەکی دا لەزانکۆی کۆلۆمبیا،باسی لەوەکرد ڕۆژانە هەشت سەعات زیاتر دەخوێنێتەوە،پاشان ڕۆژانە  لەپاش خوێندنەوە وەک جورعەیەکی  ئەدەبی،نیو لاپەڕە بۆیەک لاپەڕەی A4 دەنووسێت.زۆر جار ئەوەش دڵی خۆی ڕازی ناکات و دەیدڕێنێت. ئێستا سەبەتەی خۆڵی ژوورەکەی ئۆرهان پامۆک پڕ پڕە لەکاغەزی دڕاو،لەوانەی کە نووسینی و بڵاوی نەکردنەوە.

4
لە دونیای ئێمەدا،هەم نووسەری زۆر نووسمان هەیە،هەم کەم نووس.من لەهەردوو بەرەکە هاوڕێ و دۆستم هەیە،بەڵام نەم بیستووە هیچ کام لە نووسەرە دۆستەکانم لەهیچ بەرەیەکیان سەبەتەی خۆڵ لە ژووری خوێندنەوە و نووسینیاندا هەبێت.  

5
گەر دەتەوێت گۆرانی بێژ بیت وکۆرس نەبیت ، ڕۆژانە  دوای خوێندنەوە، چەند سەعاتێک لە پێناوی سەبەتەی خۆڵەکەدابنووسە.