تەندروستی عێراق: 4177 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون

28/08/2020
4177 کەسی دیکە لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون
فۆتۆ: ئەرشیڤ
بەغدا

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری 4177 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکراون و 74 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە .

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە دواین راگەیەندراوی خۆیدا بڵاویکردەوە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا چوار هەزار و ١٧٧ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراون .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو ماوەیەدا ٧٤ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە کە حەوت کەسیان لە بەغدا، ١١ کەس لە سلێمانی، نۆ کەس لە هەولێر، شەش کەس لە دهۆک، چوار کەس لە کەربەلا، شەش کەس لە کەرکوک، یەک کەس لە واست، یەک کەس لە دیالە، چوار کەس لە بەسڕە، دوو کەس لە میسان، نۆ کەس لە بابل، سێ کەس لە دیوانیە، کەسێک لە ئەنبار، چوار کەس لە موسەنا و شەش کەس لە نەینەوا بوون .

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، سێ هەزار و ٨٦٥ تووشبووی کۆرۆنا لە عێراق چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە .

هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە سەرەتای سەرهەرڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٢٣ هەزار و ٦١٢ کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش شەش هەزار و ٨١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦٤ هەزار و ٨٧٤ تووشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.