پارتی بۆ دۆران كاڵكان: چیرۆکە وەهمیەکانتان نیشانەی ئیفلاسی سیاسییە
لۆگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی رایگەیاند، دۆران کاڵکان و تاقمێکی پەکەکە دیانەوێت، پاکتاوی نێوخۆیان لە تەسفیەی حساباتی ھەواڵگریی و ئیفلاسی سیاسی بخەنە پاڵ هەرێمی کوردستان و پارتی.
بهشی رۆژنامهوانیی دهزگای رۆشنبیری و راگهیاندنی پارتی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی جەمیل بایک و بەسێ ھۆزات ھاوسەرۆکانی کەجەکە، لە بەخشینەوەی تۆمەت بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتوو نەبوون و ھەڵمەتە راگەیاندنەکەیان شکستی برد، ئەمجارە دۆران کاڵکان و تاقمێکی پەکەکە؛ شانۆیەکی دیکە دەگێڕن بە بەخشینەوەی تۆمەت و قسەی نابەجێ دەرھەق بە پارتی دیموکراتی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کێشەی ئەم تاقمەی پەکەکە لەوەدایە کە لەنێو ژینگەی وەھمدا خەرقبوون، لە بەرگێکی ئیفلاسی فکرییەوە و لە بازنەیەکی بەتاڵدا بەدەوری وەھمێک دەخولێنەوە کە نیەتی دژە کوردانەی ئەم تاقمە حەشار بدات و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی لە ھیچ پارچەیەکی کوردستاندا نەتوانێت تەکان بە ماف و چالاکییه مەدەنییهكانی خۆی بدات".
دەشڵێت، هاوسەرۆکانی کەجەکە بۆ پەردەپۆشکردنی رابردوویان دەیانەوێ خۆیان بخزێننە نێو شێواندنی مێژووی ناوچەکە و بە نائومێدییەکی زۆرەوە دەستیان بۆ ھەندێ لێدوانی نابەجێ بردووە کە ئەم جۆرە لێدوانانە ھەر لەم تاقمە دەوەشێتەوە، لەدەستپێکدا دەیانەوێ پاکتاوی نێوخۆیان لە تەسفیەی حساباتی ھەواڵگریی و ئیفلاسی سیاسی بخەنە پاڵ ھەرێمی کوردستان و پارتی.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی راشیگەیاندووە، "ئێوە کە تا ئێستا بە فەرھەنگی کوردی نادوێن و تهنانهت فێری زمانی کوردیش نەبوونە، پێمان ناڵێن بۆچی بهناوی كورد دهدوێن و بۆچیش لێرەن؟ ئێوە و ھاوبیرانتان پڕن لە راز و نیازی ئەملاوئەولا و له جۆڵانەی سیاسی لەو سنوور بۆ ئەم سنوور وەک گاردێکی راسپێردراوی سەر سنوور رۆژ و شەو بەڕێ دەکەن لە پێناو مەرامێکدا کە دیارە خزمەتکاری کێن و بۆ کێ ئەم راسپاردە سیاسییە بەجێ دەگەیەنن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لای خەڵکی کوردستان روونە بۆچی سەنگەری گورزوەشاندنتان لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی کوردستان گرتووە، دەتانەوێ بە بەخشینەوەی تۆمەت شکستەکانتان پەردەپۆش بکەن و بەرچاوی خەڵک بگرن."
دەشلێت، "ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 1992 و دروستکردنی حکوومەت بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکەی کوردستانە، کەس خێری پێنەکردووین، لە خۆڕایش ئەم تێکۆشانە نەھاتووە، ئێوەن کە چاوتان پێھەڵنایە و ئێستایشی لەگەڵدابێ دانتان بەم ئەزموونە نەناوە، ھەر ھەمان ساڵ شەڕتان بە ھەرێمی کوردستان فرۆشت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناچاربوو بەرگریی لە خۆی کرد، پێشمەرگەکانی حکوومەتی ھەرێم بوون، لە حەفتانین، خنێرە، خواکوڕک و لۆلان، زاب و مەتین بەرپەرچی دانەوە و، بارەگاکانتانی پێ پێچانەوە، ئەو پێشمهرگانهی بەرپەرچی شەڕفرۆشتنەکانی ئێوەیان دایەوە پێشمەرگەی کوردستان بوون نەوەک پارتی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێوە دان بە پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێم دانانێن، بۆیە ناوی پارتی و یەکێتی دێنن".
دووپاتیشیکردووەتەوە، "ئەگەر تورکیا چەند بارەگایەکی لە ھەرێم ھەبێ و، چهند شوێنێكی داگیر کردوون ئهوه ئێوە ھۆکاری راکێشانی تورکیا و ئهو داگیركاریه بوونە، لهوهش زیاتر خۆتان سەدان گوند و ناوچهتان داگیرکردووه و نه لێدهگهڕێن خهڵكهكهی به ئارامی تیایاندا بژی و نه رێگای حكوومهتی ههرێمی كوردستانیش دهدهن خزمهتگوزاریان پێڕابگهیهنێ".
هەر لە بەیاننامەکەی بهشی رۆژنامهوانیی دهزگای رۆشنبیری و راگهیاندنی پارتیدا هاتووە، "لە رۆژئاوای کوردستان، بەشاھێدی خەڵکی رۆژئاوا، دیارە کە ڕۆڵی تێکدەرانەتان سنووری تا کوێ بڕکردوه، لە رفاندنی کچوکوڕی خەڵک، لە زیندانیکردن و لە ھێرشکردنە سەر گردبوونەوەی خەڵکی رۆژئاوا کاتێ یادی نەورۆز و بۆنەکانیان دەکردەوە و، لە داگرتن و سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و، دواتریش لە ھەڵواسینی وێنەو پەیکەری رژێمی سووریا".
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەنەکەسە دروستکراوی دەرەکی نییە، بەڵکوو ئەنجوومەنێکی ھەڵقوڵاوی نێو پارتە سیاسییە رەسەنهكانی دڵی رۆژئاوای کوردستانە و، کۆمەڵێک حزبی تێکۆشەرن، بهڵام چونكه بە سیاسەتی چەوتی ئێوە رازی نەبوون، ناوناتۆرهی جۆراوجۆریان بۆ ھەڵدەبەستن".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بهشی رۆژنامهوانیی دهزگای رۆشنبیری و راگهیاندنی پارتی رایگەیاندووە، "لەبارەی باکووری کوردستانیش ئەو بەڵگەیە بهسه کە باکوورییەکان لەسەر شاشە و تیڤییەکان ھاواریان دەکرد کە پەکەکە نەھامەتی بۆ ھێناون و درۆیان لەگەڵ قەزیەی کوردی کرد و دەرفەتی ئاشتیان لەبار برد، بۆیە کاتێ دەست بۆ مێژوو درێژدەکەن، ئاگاداربن تۆمەت و بوختانتان ھیچ بڕناکات و وەک ھەمیشە پێشوەختە دۆڕاون لەبەردەم ئەوانەی کە دروستكهری مێژووی راستەقینەی پرسی کورد و خولقێنهری بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و رێبهری تێكۆشانه راستهقینه و پهسهندهكهی كوردستانیانن .
|