تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە

28/08/2020
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێنج تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە .

یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی٨ی٢٠٢٠، ٢٣ تووشبووی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی کراون و پێنج کەسی دیکەش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە .

روونیشیکردووەتەوە، نەخۆشخانەی ئاسا پێنج تووشبوو، نەخۆشخانەی شەهید هێمن ١٠ تووشبوو و نەخۆشخانەی شەهید تاهیر والی بەگ هەشت تووشبووی کۆرۆنایان وەرگرتووە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ پێنج تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئاسا و شەهید ئاسۆ و شەهید هێمن گیانیان لەدەستداوە .

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند، ٢٦ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە ئێستاشدا ١٩٤ تووشبوو لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان .

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٧ هەزار و ٢٥٩ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦ هەزار و ٨٠٤ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.