سوتاندنی قورئان لەسوید ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە

29/08/2020
سوتاندنی قورئان لەسوید ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سوید

بەهۆی سوتاندنی قورئان و بێڕێزیکردن بەو پەیایە ئاینییەی موسوڵمانان لەلایەن گروپێکی توندڕەوەوە لە سوید، خۆپیشاندان و ئاڵۆزی دروستبوو.

رۆژی رابردوو لە شاری مالمۆی سوید، گروپێکی توندڕەوی راستڕەو، دژی ئایینی ئیسلام و پەیڕەوانی، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە ناوچەی روزەنگار-ی ئەو شارە بەشێک لە خۆپیشاندەران قورئانێکیان سوتاند، لە شوێنێکی دیکەش و لە ناوەندی ئەو شارە، خۆپیشاندەران قورئانێکی دیکەیان خستەژێرپێ و بێڕێزیان پێکرد.

دواتر بەشێک لەخەڵکی ئەو شارە هاتنەسەر شەقام و خۆپیشاندانیان دژی ئەو گروپە ئەنجامدا و بەوهۆیەشەوە شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو و چەندین ئۆتۆمبێل سوتێندران.

پۆلیسی سوید رایگەیاندووە، نزیکەی ٣٠٠ گەنج بەشداریان لەو خۆپیشاندانەدا کردووە و دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکان، ٢٠ کەسیان دەستگیرکردووە.

راسمۆس پالودەن سەرۆکی حزبێکی توندڕەوی راستڕەو و دژی کۆچبەران لە دانیمارک، کە پێشینەی دژایەتیکردنی ئیسلام و سوتاندنی قورئانی هەیە، رۆژی هەینی بەنیازبووە گەشت بۆ شاری مالمۆ بکات، بەڵام لە نزیک ئەو شارە لەلایەن پۆلیسی مالمۆوە دەستبەسەرکراوە و لە سوید دەرکراوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێس لەزاری بەپرسانی سوید بڵاویکردەوە کە بۆ ماوەی دوو ساڵ رێگە بە چوونەناوەی پالودەن بە وڵاتی سوید نادرێت.

وتەبێژی پۆلیسی مالمۆ رایگەیاندووە، پێشبینیانکردووە کە راسمۆس پالودەن لە سوید یاساشکێنی بکات و رەفتارەکانی مەترسی بۆ کۆمەڵگای ئەو وڵاتە دروستبکات.

پێشتر پالودەن داوای لە خەڵک کردبوو کە رۆژی هەینی ٢٨ی٨ی٢٠٢٠، قورئان بسوتێنن، بەپێی میدیا لۆکالییەکانی مالمۆ، سێ کەس لە پەیوەندی بە قورئان سوتاندن و بێڕێزیکردن بەو پەیامە ئاینییە، لە شاری مالمۆ دەستگیرکراون.