بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی: نەوتمان نییە دابەشی بکەین

30/08/2020
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی رایگەیاند، لە ئێستادا هیچ بڕە نەوتێكی سپی خەزنكراو لە شارەكە نیە و ئەوان بۆ ئەوەی یەك بەرمیل نەوت بدەنە ماڵان لە شارەكە پێویستیان بە بڕی 108 ملیۆن لیتر هەیە.

محەمەد حەسیب، بەرێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: دابەشكردنی نەوتی ماڵان بووەتە نەخۆشییەكی درێژخایەن هەموو ساڵێَك سەرهەڵدەداتەوە تا ئێستا هیچ شتێك نیە بۆ دابەشكردنی نەوت لەم ساڵدا. 

ئەو ئاشكرایكرد لەگەڵ پارێزگاری سلێمانیدا نوسراویان كردووە بۆ حكومەتی عێراقی، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان وەرنەگرتووە، پێ دەچێت رێكنەكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا كاریگەری هەبێت لەسەر نەناردنی نەوت بۆ هەرێم. 

بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەرێم راشیگەیاند ساڵی رابردوو حكومەتی عێراقی نەوتی لە دەرەوە دەكریش و پشكی بۆ هەرێمی كوردستانیش رەوانە كردووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ پێ دەچێت نەوتی سپی لە دەرەوە نەكڕێت. 

محەمەد حەسیب، داواشی لە حكومەتی هەرێم كرد كە فریای سلێمانی بكەون بەهۆی ئەوەی هەندێك ناوچەی ساردە، هیوای خواست بەێك لە نەوتی قەزا و ناحیەكان بدەن بۆ ئەوەی بتواندرێت نەوت بۆ سەنتەری شاریش دابین بكرێت. 

رەتیكردەوە هیچ بڕە نەوتێكی خەزنكراو لە سلێمانی هەبێت، شارەكەش بۆ پێدانی یەك بەرمیل نەوت بەماڵان پێویستی بە 108 ملیۆن لیتر هەیە، بۆ ئەوەش دەبێت لە مانگی 10 دەست بە خەزنكردنی نەوت بكرێت. 

داوای ئەوەشی كرد حكومەتی هەرێم نەوت بداتە پاڵاوگەی بازیان لە سلێمانی، لەبەر ئەوەی سودێكی بۆ سلێمانی هەبێت، ئەو پاڵاوگەیە لە ئێستادا نەوت لە عێراق وەردەگرێت و دەیپاڵێوێت و دەیداتەوە بە بەغدا.