تەندروستی سلێمانی: ئەمڕۆ 10 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

30/08/2020
فۆتۆ: 

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لەسەرجەم نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا، ٣٤ کەسی دیکە لەتووشبوانی کۆرۆنا داخڵی نەخۆشخانەکراون و ٢٩ کەسیش نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

یاد نەقشەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ئێستادا ١٨٤ نەخۆش لە تووشبوانی کۆرۆنا لەنەخۆشخانە ماونو لەو ژمارەیەش تەنها ٣٦ کەسیان لە بەشی چاودێری چڕن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٠ کەس لە تووشبوانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، ١١هەزار و ٧٧١ کەس لەسلێمانی تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٨ هەزار و ١٩ کەس چاکبوونەتەوە و ٥٨٧ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.