موراد قەرەیلان: سیاسەتی پارتی شتی زۆر مەترسیدار بەدوای خۆیدا دەهێنێت
موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەرێوەبەری پەكەكە
فۆتۆ: فۆتۆ: ئەرشیف
موراد قەرەیلان رایگەیاند، ئەو سیاسەتە هەڵەیەی پارتی شتی زۆر مەترسیدار بە دوای خۆیدا دەهێنێت و دەشڵێت ئەو سیاسەتە وەك سیاسەتی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە.
موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەرێوەبەری پەكەكە، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی وڵاتی سەر بە حزبەكەی رایگەیاند: ئەو سیاسەتە هەڵەیەی پارتی شتی زۆر مەترسیدار بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو سیاسەتە وەك سیاسەتی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە.
ئەو راشیگەیاند، پارتی زەمینە و بوار بۆ شەڕی ناوخۆ دەرەخسێنێت. ئەوەشی بە زۆر مەترسیدار لەقەڵەمدا، دەشڵێت "ئەگەر كوردێك كوردێك بكوژێت ئەوە زۆر هەڵەیە و شتیكی زۆر خراپە، بەڵام ئەگەر كوردێك سیخوڕی بۆ دوژمنی كوردێكی تر بكات و بە دەستی ئەو بكوژرێت، ئەوە زۆر خراپترە و ئەوە رێبازێكی مەردانە نییە".
ئەو لە بارەی هێرشەكانی توركیا ئاماژەی بەوە كرد "هەموو كات ناتۆ لە پشت دەوڵەتی تورك بووە و ئێستاش لە پشتێتی" دەشڵێت: ئەڵمانیا و كەنەداش لەو كۆمەڵكوژییانە بەرپرسیارن. یانی ئەو دەوڵەتانە بەرپرسیارن لەو كۆمەڵكوژییانە، كە دەوڵەتی تورك لە رێگەی ئەو چەكانەوە لە كوردستان ئەنجامی دەدات.
|