یەکەم فڕۆکەی ئیسرائیلی گەیشتە ئیمارات

31/08/2020
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ دەوڵەتی ئیمارات بەفەرمی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد، کە لەلایەن جارید کۆشنەر ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکایەتی دەکرا.

گەشتەکە لەلایەن کۆمپانیای فڕۆکەوانی (ئەلعال)ی ئیسرائیلییەوە لە نێوان تەلئەبیب و ئەبوزەبی ڕێکخراوە و فڕۆکەکەش ناوی ئاشتی هەڵگرتبووە.

بڕیاریشە شاندەکە کە لە لێپرسراوی چەندین کەرتی جیاجیای ئیسرائیل پێکهاتوون، لەگەڵ نوێنەران و لێپرسراوانی دەوڵەتی ئیمارات کۆببنەوە، بۆ گفتوگۆ کردن دەربارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا و گفتوگۆی هاوبەش بۆ فراوانکردنی هەلی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات، دوای ئەوەی هەردوولا پەیماننامەی ئاشتییان ئیمزا کرد.

دوای گەیشتنی شاندەکە بە ئیمارات، جارید کۆشنەر ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لە فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی ڕایگەیاند، رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، سەرەتای ئاراستەیەکی میژووییە بۆ ئاشتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە هەردوو وڵات باڵیۆزی ڕەوانی وڵاتەکانی یەکتر دەکەن و هاوکاری یەکتر دەکەن لە بوارەکانی فێرکردن و تەندروستی و تەکنەلۆژیان.

کۆشنەر ستایشی محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیەشی کرد، کە ڕێگەی داوە فڕۆکەکەیان بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تیپەڕێت بۆ ئەبوزەبی.

جەختیشیکردەوە، ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان بە ئازایەتی محەمەد زائید و بینیامین نەتنیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدراوە.

لەلایەکی ترەوە ڕۆبەرت ئۆبراین سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کە لەشاندە هاوبەشەکەدایە بۆ ئیمارات ڕایگەیاند، ئاشتی بابەتێکی گرنگە بۆ گەلانی ناوچەکە.

سەردانی شاندە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەبوزەبی لەچوارچێوەی هەوڵەکانی هەرسێ وڵاتدایە، بۆ بەهێزکردنی پەوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، کە پێیان وایە پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ دروستکردنی ئاشتی بەردەوام لەناوچەکەدا.

ڕۆژی ئەم مانگە ئیسرائیل و ئیمارات پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاسایی کردەوە.