بەهۆی گڕگرتنی بەلەمێکەوە چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

31/08/2020
لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
ئیتاڵیا

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، بەهۆی گڕگرتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک سنورەکانی باشوری ئیتاڵیا، چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش برینداربوون.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاشکرایکرد، رۆژی یەکشەممە ٣٠ی٨ی٢٠٢٠، بەلەمێک کە هەڵگری ٢٠ کۆچبەر بووە، لە نزیک سنوری کالابریانی ئیتاڵیا ئاگریگرتووە و بەو هۆیەشەوە چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و پێنجی دیکەش برینداربوون کە باری تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە بەهۆی گڕگرتنی مەکینەی بەلەمەکەوە بووە.

ئەوەشی خستووتەڕوو، دوای بەدواداچونەکانی نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە لە ئەوروپا و بەوتەی ڕزگاربووەکان،  بەلەمەکە هەڵگری کۆچبەرانی سریلانکا، میسر، سۆماڵ و پاکستان بووە.

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران راشیگەیاندووە، بەوتەی پۆلیسی ئیتاڵیا، ١٠ کەس لەڕزگاربووەکان مێردمنداڵ و خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بوون.