ئەمریکا.. تووشبوون بەکۆرۆنا شەش ملیۆنی تێپەڕاند

31/08/2020
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژمارەی تووشبوان بەڤایرۆسی کۆرۆنا شەش ملیۆن کەسی تێپەڕاند، لە کاتێکدا ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە ١٨٣ هەزار کەس.

زانکۆی جۆنز هۆبکینزی ئەمریکا کە چاودێری لێکۆڵینەوە و بەدواچوونەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات ڕایگەیاند، ژمارەی تووشبوان لەئێستادا لە ئەمریکا گەیشتووەتە ٦ ملیۆن و٢٦١٥ کەس و ژمارەی ئەو کەسانەش بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٨٣ هەزار و ٢٠٣.

زانکۆکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارەیە زۆرەی تووشبوون تا ئێستا دوو ملیۆن و ١٥٣ هەزار و ٩٣٩ کەس چاکبوونەتەوە.

لەئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان پلەی یەکەمی گرتووە لەڕووی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە دەکاتە لە ٢٣.٧٣%ی سەرجەمی تووشبوانی جیهان، بە هەمان شێوە ئەمریکا لەژمارەی مردنیش پلەی یەکەمی گرتووە لەسەر ئاستی جیهان.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام ڕوبەڕوی رەخنەی توند بووەتەوە، سەبارەت بە ئیدارەدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەش گومانی ئەوەی دروستکردووە کە نەتوانێت لە خولی داهاتووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا براوە بێت، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.