سەرۆکایەتی کۆمار دیارترین ئەو دۆسیانەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ ماکرۆن تاوتوێ دەکرێن

01/09/2020
فۆتۆ: 

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەمڕۆ دیارترین ئەو دۆسیانەی ئاشکرا کرد، کە سبەینێ چوارشەممە لەگەڵ ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا تاوتوێ دەکرێن.

عەلی شوکری سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی سبەینێی ماکرۆن بۆ بەغدا، جەختدەکرێتەوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا، بە تایبەت فەڕەنسا وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات.

ئاشکراشیکرد، چەند دۆسییەکی دیکە لە چوارچێوەی خشتەی کاری سەردانەکەی ماکرۆن دەبێت بۆ بەغدا، بە تایبەت فەڕەنسا کاردەکات لەسەر بەهێزکردنی بنەماکانی هاریکاری لەبوارەکانی ئابوری و کلتوری و ئەمنی لەگەڵ عێراقدا.

شوکری جەختیشیکردەوە، فەرەنسا کاردەکات لەسەر پشتیوانی کردنی ئەو هەوڵە فەرمییانەی کە دەدرێت بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا وەک دەوڵەتی خاوەن سەروەریی تەواو.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، فەڕەنسا چالاکی گرنگی هەبووە لە پشتیوانیکردنی عێراق، بە تایبەت لەکاتی جەنگی داعش، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا وەزیری بەرگری فەرەنسا سەردانی بەغدای کرد و بەڵێنی دا، بەوپەڕی توانای خۆیەوە کاربکات بۆ بەهێزکردنی توانا ئەمنی و سەربازییەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە تایبەت لەبواری ڕاهێنانی سەربازیدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە دوای سەردانەکەی بۆ لوبنان، سبەینێ چوارشەممە ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و لێپرسراوە باڵاکانی دیکەی عێراق کۆبێتەوە.

بڕیاریشە لە هەرێمی کوردستانیشەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بۆ کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ماکرۆن.