موقتەدا سەدر پەیامێکی ئاراستەی حەشدی شەعبی کرد

01/09/2020
فۆتۆ: 

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر داوای لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد، دوورکەونەوە لە یەکتر تۆمەتبارکردن و ناکۆکی سیاسی و داواشی کرد ئەندامە خراپەکانی لەڕێزەکانی دووربخاتەوە.

موقتەدا سەدر لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند "ناکۆکییە سیاسییەکان لەنێوان حزبە سیاسییەکان و وڵاتاندا کەڵەکە بووە، ناکۆکی و شەڕی هۆزەکانیش لەناو یەکتری بووەتە هۆی کوشتنی دەیان و بەفیرۆدانی داراییەکی زۆر و ئارامی وڵاتیشی شێواندووە".

سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت حەشدی شەعبی کاربکات لەسەر تێکەڵکردنی ئەندامە باشەکانی بەهێزە ئەمنی و سەربازییەکان، بە مەبەستی وەدیهێنانی دروشمی هەیبەتی دەوڵەت، تەنانەت دەبێت دادگایی ئەندامە خراپ و لاسارەکانیشی بکات، بۆ ئەوە ناو و وێنەی بە پاکی بمێنێتەوە.

داواشی لێکردوون لەبەر خۆشەویستی بۆ عێراق و ملکەچی بۆ خوا بارەگانیان دابخەن.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی رەوتی سەدر ڕایگەیاندووە، لەسەرو هەموو ئەوانەشەوە هەندێک لە وڵاتان پەلەیانە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ "دەوڵەتی شەڕ" کە بە مەبەستی ئیسرائیلە، کە بە وتەی ئەو دەستدرێژی دەکاتە سەر جۆلان و ئیسلام و نەتەوەی عەرەب.

داواشی لە سیاسی و دەسەڵاتداران کردووە، پەلە بکەن لە خۆچاککردن، ئەگەرنا دۆخەکە لەدەست دەردەچێت، بە دەسەڵاتدارانی وتووە کوا میانەڕەوی و ئەو دروشمە بریقوباقانەی بەرزتان کردبۆوە؟

ئاماژەی بەوەشکردووە، دارایی و دەسەڵاتداراتی بەردەوام نابێت، ئەگەر دادگەریش نەبێت حوکم بەردەوام نابێت، گەلانیش ڕزگاریان نابێت و سەرناکەوت، ئەگەر ڕێگا دروست و شیاوەکان نەگرنە بەر کە ژیری و شەرع پێی ڕازییە و ڕێگەی پێداوە.

موقتەدا سەدر جەختیشیکردووەتەوە، مافەکان بە چەک وەرناگیرێتەوە، بەڵکو بە ئاشتی و قوربانیدان و سووربوون لەسەر ڕازیبوون لەسەر چاکسازی، چونکە گەندەڵی گەندەڵی لانابات و لاساریش هیچ سودێکی نییە.