کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی لەسەر تەندروستی ترەمپ بڵاوکردەوە

01/09/2020
فۆتۆ: 

کۆشکی سپی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە بەیاننامەیەکی لەسەر تەندروستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە.

شۆن کونلی پزیشکی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە تەندروستییەکی باشدایە و دووچاری هیچ نەخۆشی و جەڵتە و خەستبوونەوەی خوێن نەبووە و هیچ پشکنینێکی لەوبارەیەوە بۆ نەکراوە.

پزیشکەکەی ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ تەندروستی باشە و هیچ مەترسییەک نییە سەبارەت بە تواناکانی لەجیبەجێکردنی ئەرکەکانیدا.

لەوبارەیەوە ئەو پزیشکە وتی "لەوبڕوایەدام پارێزگاری بکات لە توانای جەستەیی خۆی لەپێناو تەواوکردنی ئەرکی سەرۆکایەتیدا".

وتەکانی پزیشکی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، پێشتر ترەمپ لە تویتێکدا سەرجەم ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی میدیای وڵاتەکەی رەتکردەوە، سەبارەت بەوەی گوایە دووچاری جەڵتەیەکی سوک بووەتەوە و بەهۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "واڵتەر ڕید" کراوە.

لە ئیستادا ترەمپ تەمەنی گەیشتووەتە ٧٤ ساڵ و لەلایەن پارتەکەیەوە پارتی کۆماری، کاندیدکراوەتەوە بۆ پێشبڕکێی بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی.

تا ئێستا چەند جارێکی تر راپۆرتی لەوجۆرە لەسەر تەندروستی ترەمپ بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە توانا جەستەیی و ژیرییەکانی، لەوەی کە نەتوانێت وەک پێویست کاری خۆی بکات بۆ تەواوکردنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەم خولەی ئێستادا.