پۆلیسی سلێمانی: بكوژی هاوڵاتییەكی تەمەن 36 ساڵ دەستگیركرا

02/09/2020
بكوژی هاوڵاتییەكی تەمەن 36 ساڵ دەستگیركرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی عەربەت تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە، كە هاوڵاتییەكی تەمەن 36 ساڵی كوشتبوو .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی 19-8-2020 ، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی عەربەت زانیارییان پێگەیشت كە تەرمێك لە دۆڵی دوكانیان لە ناحیەی عەربەت دۆزراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕوداوەكە كراوە و دەركەوت كە تەرمەكە بەناوی ( د ، ر ، س ) لەدایكبووی 1984 چەند فیشەكێكی پێوەیە و سوتێنراویشە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر تیمێك پێكهێنراوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبارەکە، سەرەنجام توانراوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی٩ی٢٠٢٠، تۆمەتبار ( ب ، م ،س ) لەدایكبووی 1991 ، دانیشتوی قەزای سەید سادق لەلایەن بەشی پۆلیسی عەربەتەوە دەستگیربكرێت .

ئاشکراشیکرد، لەئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و دانیشیناوە بە تاوانەكەیدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند، لەداهاتوودا زانیاری ورد لەبارەی ڕوداوەكەوە دەخەنەڕوو.