ئەمریكا ئامادەكاری بۆ بڵاوكردنەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا دەستپێكرد

03/09/2020
فۆتۆ: 

ئەمریكا ئامادەكاریەكانی بۆ دابەشكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەست پێكردووە و نامەی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە ئاراستەی ویلایەتەكان كردووە تا ئاسانكاری بۆ دابەشكردنی بكەن.


رۆبەرت رێدفێڵد، سەرۆكی ناوەندی كۆنترۆڵكردن و پێشگیریكردن لە نەخۆشییەكانی ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ حكومەتی خۆجێیی ویلایەتەكان رایگەیاندووە، بەدەستهێنانی مۆڵەتی دابەشكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا خێرا تر بكەن. 

 لەو نامەیەدا كە میدیاكانی وڵاتەكەی ناوەڕۆكەكەیان بڵاوكردووەتەوە، بەرپرسە ئەمریكیەكە ئاماژەی بەوە كردووە ئەگەر پێویست بێت هەندێك مەرج بۆ بڵاوكردنەوە و دەستبەكاربوونی دابەشكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا لابەرن. 
 
لە ئێستادا لە وڵاتی رووسیا ڤاكسینێك بڵاوكراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا پەسەندكردنی تەواوەتی لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی وەرنەگرتووە، ئەوە جگە لەوەی چین بە جیاواز بۆخۆی خەریكی پەرەپێدانی ڤاكسینێكە و زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانیش لە قۆناغی كۆتایی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكەدایە. 

هاوكات هیچ ڤاكسینێكی ئەمریكی بە فەرمی بەردەست نەبووە، بەڵام دوو ڤاكسین لە ئێستادا لەلایەن هەریەكە لە كۆمپانیاكانی  مۆدێرنا و فایزەر  لە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوەدان.

بەگوێرەی پێشبینی ئەو كۆمپانیا ئەمریكیانە پێش سەری ساڵی نوێ ڤاكسینەكانیان بەرهەمدێت و دەست بە بڵاوكردنەوەی دەكەن، بەِشێكیش لە میدیاكانی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكەن كە پێش وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتەكەیان دەست بە بڵاوكردنەوەی دەكرێت.