ئیسرائیل: ڕێگە نادەین تەکنەلۆژیانی سەربازی ئیمارات پێش ئیسرائیل بکەوێت

05/09/2020
فۆتۆ: 

ئیلی کۆهین وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل بەڵێنیدا، وڵاتەکەی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتە بەر، بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە واشنتۆن، کە چەکی پێشکەوتوو ڕەوانەی ئیمارات بکات، لەوانەش فڕۆکەی ئێف ٣٥.

کۆهین لەلێدوانێکی تەلەفۆزیندا ڕایگەیاند "دژی دەوەستینەوە و بەهیچ شێوەیەک ڕازی نابین لەسەر گرێبەستی لەوشێوەیەی کە چەکێک بفرۆشرێت بەلایەنێک زیان بگەیەنێت بە سەرکەوتوویی باڵادەستی سەربازی ئیسرائیل، بە تایبەت فڕۆکەی جۆری ئێف ٣٥ی ئەمریکی.

سەبارەت بەو زانیاریانەش کە گوایە بنیامین نەتەنیاهۆ بە نهێنی ڕەزامەندی نیشانداوە سەبارەت بەفڕۆشتنی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکا بە ئیمارات، کۆهین ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئەمنی ئیسرائیل بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، هیچ ڕێککەوتنێکی لەوجۆرە بوونی نییە و بەهیچ شێوەیەکیش ڕەزامەندی لەوشێوەیەی دەرنەبڕیووە.

لە بەرامبەر ئەو وتانەی وەزیری هەواڵگری و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژنامەی " نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، نەتەنیاهۆ بەنهێنی ڕەزامەندی نیشانداوە بەفرۆشتنی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی بەئیمارات، لەوانەش، فڕۆکەی جەنگی جۆری ئێف ٣٥ و تەکنەلۆژیانی تایبەت بە جەنگی ئەلکترۆنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری ئێم کیو ٩ ریبەر.

ئەو ڕێککەوتن و سەودانامانەش لەسایەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلە، کە لە مانگی ڕابردوودا و بەناوبژیوانی ئەمریکا ئەنجام درا.