ئەمڕۆ لە سلێمانی 12 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

06/09/2020
بەخاکسپاردنی تەرمی تووشبوویەکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ١٢ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە .

یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی٩ی٢٠٢٠، ٤٤ تووشبووی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی کراون و ١٢ کەسی دیکەش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە .

روونیشیکردووەتەوە، نەخۆشخانەی ئاسا دوو تووشبوو، نەخۆشخانەی شەهید هێمن ٣٠ تووشبوو و نەخۆشخانەی شەهید تاهیر والی بەگ ١٢ تووشبووی کۆرۆنایان وەرگرتووە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ ١٢ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە .

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند، ٣٨ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە ئێستاشدا ١٧٥ تووشبوو لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان .

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٣٢ هەزار و ٢١٠ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٢٠٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ هەزار و ٤٩٢ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.